جەمی شەو لەگەڵ ژنێکی دیکە
ڕۆژێک هاوسەرەکەم داوای لێکردم کە لەگەڵ ژنێکی دیکەدا بۆ جەمی شەو و سینەما بچمە دەرەوە. کوتی کە خۆشی دەوێم بەڵام دڵنیایە کە ئەو ژنەش خۆشی دەوێم و چێژ لە چوونەدەر لەگەڵ من وەردەگرێت. ئەو ژنە دایکم بوو کە لە چەند ساڵێک پێشڕا دوای مردنی باوکم، بە تەنیا دەژیا، بەڵام سەرقاڵییەکانی ژیان و هەبوونی سێ منداڵ وایکردبوو کە من تەنیا لە کاتە ڕێکەوتەکان و بە ناڕێکی سەردانی بکەم. تەلەفۆنم بۆ کرد تا بۆ سینەما، قاوەی ئێوارە و نانی شەو بچینە دەرەوە. دایکم بە نیگەرانییەوە پرسی کە چی ڕوویداوە؟ ئەو لەو جۆرە کەسانە بوو کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی شەوانە یان بانگهێشتێکی چاوەڕواننەکراو بە نیشانەی هەواڵێکی ناخۆش دەزانی. پێم کوت: «وا دیارە زۆر خۆش دەبێت ئەگەر ئێمە ئەمشەو پێکەوە بچینە دەرەوە.»
دوای کەمێک بیرکردنەوە کوتی کە ئەویش لەم بیرۆکەیە چێژ وەردەگرێت. کاتێک گەیشتمە ماڵەکەی، بینیم باڵتۆکەی لەبەر کردبوو و لە بەردەرگا ڕاوەستابوو. قژی کۆ کردبووەوە و ئەو جلەی لەبەر کردبوو کە لە دوایین ئاهەنگی ساڵیادی هاوسەرگیرییەکەی لەبەری کردبوو. بە ڕووخسارێکی ڕوون وەک فریشتەکان پێکەنی. کاتێک سواری ئۆتۆمبێل دەبوو، کوتی کە بە هاوڕێکانی کوتووە ئەمشەو لەگەڵ کوڕەکەم بۆ گەڕان دەچمە دەرەوە و ئەوانیش زۆر خۆشحاڵ بوون و ناتوانن چاوەڕێ بکەن بۆ بیستنی ئەوەی ئەم شەو چی ڕوودەدات.
چووینە چێشتخانەیەک کە هەرچەند لووکس نەبوو، بەڵام زۆر ئاسوودە و دڵگیر بوو. دەستمی گرت، وەک ئەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار بێت. پاش ئەوەی دانیشتین، خەریکی خوێندنەوەی لیستی خواردنەکانی چێشتخانەکە بووم. لە کاتی خوێندنەوەدا لە سەرووی لیستەکەوە سەیری ڕووخساری دایکمم کرد و بینیم بە زەردەخەنەیەکەوە کە نیشانەی بیرهێنانەوەی بیرەوەرییەکانی ڕابردوو بوو، سەیری دەکردم و پێی کوتم کە لە بیریەتی کاتێک من بچووک بووم و پێکەوە دەچووین بۆ چێشتخانە، ئەو بوو کە لیستی خواردنەکانی دەخوێندەوە. منیش لە وەڵامدا کوتم: «ئێستا کاتی ئەوەیە کە تۆ پشوو بدەیت و بهێڵیت من ئەو کارە بکەم.»
لە کاتی نان خواردندا هێندە پێکەوە قسەمان کرد کە سینەماکەمان لە دەست دا. کاتێک گەیاندمەوە ماڵەوە، کوتی کە دیسان لەگەڵم دێتە دەرەوە بە مەرجێک ئەو بانگهێشتم بکات و منیش قبووڵم کرد. کاتێک گەڕامەوە ماڵێ، هاوسەرەکەم لێی پرسیم کە ئایا نانی شەو لەگەڵ دایکم خۆش بوو؟ منیش لە وەڵامدا کوتم: «زۆر زیاتر لەوەی کە بتوانم بیری لێ بکەمەوە.»
چەند ڕۆژێک دواتر دایکم بە هۆی جەڵتەی دڵی توندەوە، کۆچی دوایی کرد. چەند ڕۆژێک دواتر پاکەتێکم بە دەست گەیشت کە کۆپیی پسوولەی ئەو چێشتخانەیەی تێدا بوو کە ئەو شەوە لەگەڵ دایکم لەوێ نانمان خواردبوو. یاداشتێکیش بەم ناوەرۆکەوە پێوەی لکێنرابوو: «نازانم کە ئایا لەوێ دەبم یان نا، بەڵام تێچووەکەم بۆ دوو کەس داوە، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ هاوسەرەکەت و تۆ هەرگیز تێناگەیت کە ئەو شەوە بۆ من چ مانایەکی هەبووە، خۆشم دەوێیت کوڕەکەم.»
لەو کاتەدا بوو کە تێگەیشتم چەند گرنگە لە کاتی خۆیدا بە ئازیزانمان بڵێین کە خۆشمان دەوێن و ئەو کاتەی کە شایستەی ئەوانە، تەرخانیان بکەین. هیچ شتێک لە ژیاندا لە خودا و بنەماڵە گرنگتر نییە.
بارکردنی سەرنجەکان...