ترشیاتی تێکەڵەی سەوزی

ترشیاتی تێکەڵەی سەوزی

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/09/12 (بەڕۆژکرا: 2026/11/22)
بینین: 40
کاتی خوێندن: 1 خولەک

چۆن ترشیاتی تێکەڵەی سەوزی چاکەین؟


پێداویستییەکان

نزیکەی ٣ بۆ ٤ لیتر سرکە تا ڕادەیەک کە تا سەری ترشیاتەکە داپۆشێت.ئەگەر بمانەوێت زۆر ترش نەبێت، دەتوانین سرکەی سێو بەکاربهێنین یان لە تێکەڵەی ٢ پەرداخ سرکە و ٢ پەرداخ ئاوقۆرە کەڵکوەرگرین. دەنا دەتوانرێت تەنیا لە سرکە و خوێ کەڵک وەرگیرێت.
بۆ هەر ٤ پەرداخ تێکەڵەی سرکە و ئاو قۆرە، کەچکێکی چێشتخۆری خوێ پێویستە. 
٥ بۆ ٦ بیباری تێژی چووکە (٣٠ گرام).
٢ کەچکی چێشتخۆری گوڵپەڕ*.
٢ کەچکی چێشتخۆری زەردەچێوە (بەپێی تام و چێژ دەتوانرێت ڕێژەی ئەم دوو پێکهاتەیە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت یان لە زەنجەفیلیش کەڵکوەرگیرێت).
٢ قاپی ماستخۆری سێوی بن‌حەرز (نیو کیلۆگرام).
٢ بۆ ٣ پنج سیر، کۆی گشتی بەرامبەر بە ٢٠٠ گرام (یەک قاپی ماستخۆری سیری سپیکراو پێویستە).
یەک دانە گوڵەکەلەمی بچووک، نزیکەی ٦٠٠ گرام (4 بۆ 5 قاپی ماستخۆری گوڵەکەلەم).
٤٠٠ گرام کەرەوز (٤ قاپی ماستخۆری کەرەوزی وردکراو).
٤ قاپی ماستخۆری سەوزی بۆنداری پاککراو. (سەوزی بۆندار بریتییە لە: پنگە، تەڵخوون، مەرزە، شویت و جەعفەری. کۆی گشتی ٢٠٠ گرام سەوزی پاککراو، کە بەرامبەرە بە نیو کیلۆگرام سەوزی پاکنەکراو).
٢ قاپی ماستخۆری مووسڵی وشککراو (بەرامبەر بە ٢٠٠ گرام).
نیو کیلۆگرام برۆکلی (بەرامبەر بە ٢ قاپی ماستخۆری برۆکلی وردکراو).
نیو کیلۆگرام گێزەر (بەرامبەر بە ٢ قاپی ماستخۆری گێزەری وردکراو).

بەم پێداویستییانە نزیکەی چوار دەفری شوشەیی دوو لیتری لەم ترشیاتەمان دەبێت. (١٨ قاپی ماستخۆری سەرپڕ).

شێوازی ئامادەکردنی ترشیاتی تێکەڵەی سەوزی


لاسکی کەرەوزەکە جیا دەکەینەوە و لەلایەک دادەنێین. بەشی دیکەی کەرەوزەکە لەگەڵ سەوزی بۆندار و بیبارەکان جوان ورددەکەین. کڵۆ سیرەکان دەتوانرێت ڕەندە بکرێن یان لەگەڵ سەوزییەکاندا جوان وردبکرێن.

لاسکی کەرەوز، گێزەر، گوڵەکەلەم، برۆکلی و سێوی بن‌حەرز ورددەکەین و لەگەڵ مووسڵی وشککراو بۆ سەر سەوزییەکان، بیبار و سیرە وردکراوەکان زیاد دەکەین. دوو کەچکی چێشتخۆری زەردەچێوە و دوو کەچکی چێشتخۆری گوڵپەڕیش بە پێکهاتەکانی ترشیاتەکە زیاد دەکەین و هەموویان باش تێکەڵ دەکەین.

ترشیاتەکە دەکەینە ناو دەفری هەڵگرتنی ترشیات. هەر ٤ پەرداخ سرکە لەگەڵ یەک کەچکی چێشتخۆری خوێ تێکەڵ دەکەین و دەفری ترشیاتەکەی پێ پڕدەکەین.
بۆ ئەوەی ترشایی کەمتر بێت، دەتوانین لە جیاتی ٤ پەرداخ سرکە، لە ٢ پەرداخ سرکە و ٢ پەرداخ ئاوقۆرە کەڵکوەرگرین.

ترشیاتەکە لە دەرەوەی ساردکەرەوەدا هەڵدەگرین. دوای یەک بۆ دوو حەوتوو، ئەم ترشیاتە ئامادەی بەکارهێنان دەبێت.

نۆشی گیان!


گوڵپەڕ*: گوڵەسۆ


وشە سەرەکییەکان: چێشت لاجان کورد

هاوبەشکردن