ئەوەی که زۆر ڕوونه، ئەوەیه که جۆری فەرهەنگی کۆن و ئێستا جیاوازییەکی زۆریان هەیه، جا بۆیه زۆر جار لەناو ئەو دەقانەی ئاماژەمان پێکردن، هێندێک وشە یان ڕسته هەن که له کاتی ئێستادا هێنانەسەر زمانیان لەبەر وەبەرچاوگرتنی حەیا و شەرمەوه، بڕێک حاستەمه. ناشکرێ لەبەر ئەو شەرمە، هەر بەجارێک وەلایان بنێین، چونکه ئەوانه بەرهەمی ئەزموونی پێشینیانی ئێمەن.
بۆ نموونه؛ ئەرێ دەکرێ له زمانی فارسیدا بەهۆی بەشی «هزلیات» که کۆمەڵێک دەق و هەڵبەستی بەناوبانگی شاعیری گەورەی فارس (سعدی)یه، هەر ئەو هۆنەره یان ئەو بەرهەمانەی ئەو وەلابنێین چونکه لەواندا باسی جووتبوون، تێکەڵی لەگەڵ ئاژەڵان و زۆر شتی تری کردووه؟! یان هۆنراوەی «جوان و ناحەز»ی حافزی مەهابادی لەبەر بێپەردەبوونی نیوبەیتەکانی یەکەمی، له ئەدەبی کوردی بسڕینەوە؟! یان «دیوان ایرج میرزا»ی فارسی و «دیوانی شێخڕەزای تاڵەبانی»ی کورد هەروەتر؟!
بۆیه ئەو لکەمان له ژێر لکی «کولتوور»دا ناو نا: «وەباڵ بەستۆی خۆت!» واتا دەتوانی نەیخوێنییەوه بەڵام ئەگەر خوێندتەوە، نابێ گلەیی بکەی و تێکهەڵبگلێی!!
بەزمی هێلکە و تاوە!!
پوورە شەم سێ کچی هەبوون کە لەگەڵیان زۆر گاڵتەی دەکرد و وەک دەستەخوشکان بوون. بۆ نموونە ئەگەر هەر کامێکیان شەوێ لەگەڵ مێردەکەی لێیانقەومابا!!!، دەیکوت هێلکەیێکمان دەڕۆنیکردووە!! بەم شێوەیە یەکتریان حاڵی دەکرد و کەسیش لێیان تێنەدەگەیشت!
کچی گەورە 15 ساڵ بوو مێردی کردبوو، کچی دووهەم حەوت ساڵ بوو زەماوەندی کردبوو و کچی چووکەش تازە بووک بوو.
ڕۆژێ لە ڕۆژان دوای نانی بەیانی، کا خدر به پوورە شەمی کوت:
- ژنەکه! ئەمن دەچمه دووکانێ، زەنگێکی بۆ کچەکان لێده* بزانه ئەحواڵیان چۆنە؟! له زمانی منیشەوە لێیان بپرسه!
پوورە شەم به جووڵاندنی سەری، تێیگەیاند که باشه ئەو کاره دەکات!
دوای ڕۆیشتنی کا خدر، پوورە شەم سەرەتا تەلەفۆنی بۆ کچە گەورەی کرد و پاش چاک و خۆشییەکی زۆر، لێی پرسی:
- دەی ڕۆڵە، دەگەڵ هێلکەوڕۆن چۆنی؟!
- دایە گیان لە خوا بەزیادبێ، حەوتووی یەکدوو هێلکان دەڕۆنیدەکەین!!
هەر بەو شێوەیە لەگەڵ کچی نێوەنجیش قسەی کرد و لێی پرسی! کچی دووهەم وڵامی داوە:
- دایە گیان، بەزیادبێ، حەوتووی چوار پێنج هێلکان دەڕۆنی دەکەین!!
ئەوجار نۆرەی کچی چووکەی بوو. لەگەڵی چاک و خۆشی کرد و لێی پرسی! ئەویش وڵامی داوە:
- دایە گیان ئەوشۆ شانەیێک هێلکەمان دەڕۆنیکردووە!!!
دایکی کە سەری سوڕمابوو، هەڵیدایه:
- ئەی بژی! بەڕاستی کچی خۆمی!! خۆ گاڵتەم لەگەڵ ناکەی؟!
- کچێ نەوەڵڵا دایە گیان چت لێوەشێرم، ئەوە زاوایەکەت هەر وا خەریکی تاوە لستنەوەیە!!!
زەنگلێدان*: تەلەفۆنکردن
بارکردنی سەرنجەکان...