بەرچاوتەنگی

بەرچاوتەنگی

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2014/05/20 (بەڕۆژکرا: 2026/10/16)
بینین: 2019
کاتی خوێندن: 1 خولەک

 پاشایێک بەسەر وڵاتێکی گەورەدا حکومەتی دەکرد، بەڵام لە ژیانی خۆی ڕازی نەبوو و بۆخۆشی هۆییەکەی نەدەزانی. ڕۆژێک کە لە کۆشکدا پیاسەی دەکرد، بە بەردەرکی چێشتخانەی کۆشکدا تێپەڕی و گوێی لە گۆرانییەک بوو. کاتێک وەدوای دەنگەکە کەوت، دیتی ئەوە چێست­لێنەرێکە و بە ڕەنگ و ڕوویێکە گەشاوە و شادەوە گۆرانی دەڵێت.

پاشا چووە پێش و پرسی:
- چۆنە ئاوا شاد و بە کەیفی؟!

- قوربان، من تەنیا چێشت­لێنەرێکم و خانوویەکی حەسیریم هەیە و لە قەدەر خۆمان خواردەمەنی و پۆشاکمان هەیە، لەگەڵ ژن و منداڵەکانم چ سەرقاڵیی دیکەمان نییە و بە خۆشی دەژین. بۆیە لە ژیانمان ڕازین.

دوای بیستنی ئەو وڵامە، پاشا گەڕاوە بۆ دیوەکەی خۆی و وەزیری بانگ کرد و لەوبارەدا باسی لەگەڵ کرد. وەزیر کوتی:

- قوربان ئەو چێشت­لێنەرە هێشتا ئەندامی گروپی 99 نییە! تا کاتێک کە نەچێتە ناو ئەو گروپە، پیاوێکی گەشبین دەمێنێتەوە!

- گروپی 99 چییە؟!!

- ئەگەر دەتانهەوێ بزانن گروپی 99 چییە، دەبێ کیسەیێک بە 99 سکەی زێر لەبەر دەرکی چێشتخانەدا دابنێن جا دەیبینن کە گروپی 99 چییە!

پاشا بە پێی قسەکانی وەزیر فەرمانی دا کیسەیێک بە 99 سکەی زێر لەبەر دەرگای چێشتخانەکەدا دانێن.

کاتێک کە چێشت­لێنەر لە ماڵێ­‌ڕا گەڕاوە بۆ کۆشک، کیسەکەی لەبەر دەرکی چێشتخانە دیت. بە سەرسوڕمانەوە کیسەکەی بردە ناو چێشتخانە و لە گۆشەیێکدا کردییەوە. بە دیتنی سکە زێڕەکان، حەبەسا و زۆر خۆشحاڵ بوو و هۆشی لەخۆبڕا. سکەکانی دەنک‌­دەنک ژمارد. پێی سەیر بوو، 99 سکە؟!! بیری کردەوە کە لەوانەیە هەڵەی کردبێت. چەندین جاری دیکە سکەکانی ژمارد، بەڵام بەڕاستی 99 دانە بوون!! سەری سووڕمابوو بۆ 99 دانەن و 100 دانە نین؟!!

بیری کردەوە کە بێگومان دەنکێکیان کەوتووە و دەستی کرد بە گەڕان. تەواوی دیوەکان و تەنانەت حەوشەش گەڕا. بەڵام لە کۆتاییدا بە ناهومێدی و ماندوویی دەستی لە گەڕان کێشاوە.

چێشت­لێنەر زۆر دڵشکاو بوو و تەمای گرت لە سبەی­‌ڕا زیاتر هەوڵ بدات تا سکەیێکی دیکە وەدەست بێنێت و هەرچی زووتر داراییەکەی بگەیێنێتە 100 سکە. تا درەنگ کاری دەکرد، بۆیە بەیانییان زووتر لەخەو هەڵدەستا و هەڵسوکەوتی لەگەڵ ماڵ و منداڵیشی گۆڕابوو.

چێشت­لێنەر ئێستا وەک جاران شاد نەبوو و گۆرانی نەدەکوت. تەنیا هەرچی لە توانای دابوو، کاری دەکرد.

پاشا نەیدەزانی بۆچی کیسەی زێڕ ئەو بەڵایەی بەسەر چێشت­لێنەر هێناوە و هۆیەکەی لە وەزیر پرسی. وڵامی داوە:

- قوربان، بەداخەوە ئێستا چێشت­لێنەر بە فەڕمی بۆتە ئەندامی گروپی 99 !! ئەندامانی ئەو گروپە زۆریان هەیە بەڵام ڕازی نین. ئەوانە داراییەکانیان بە قوربانی خۆیان ناکەن، بەڵکوو خۆیان حمباڵیی داراییەکانیان دەکەن!!!


هاوبەشکردن