باران و تاو

باران و تاو

نووسەر: قۆشمە
بڵاوکردنەوە لە: 2014/12/28 (بەڕۆژکرا: 2026/11/22)
بینین: 1977
کاتی خوێندن: 1 خولەک
تێبینی:
لە دەقە ئەدەبییەکانی کۆن و نوێدا، لە چیرۆک و مەتەڵ و پەندی پێشینیان‌دا، لە بەیت و باوی سەر زمان و گێڕدراوه له پشتاوپشتدا، له نەقڵ‌‌ و نەزیلە و قسه‌ی نەستەق و فەرهەنگی زارەکیدا، تووشی زۆر قسە یان وشه‌ی سەیر و سەمەرە دەبین که لەوانەیە هەڵگری پەنذێکی گرنگ یا ئەزموونێکی بەنرخ بن بۆ کۆمەڵگەی ئێستا بە تایبەت بۆ چینی لاو و ئەوانەی که هێشتا نەکەوتوونەته ناو تەنگ و چەڵەمه و لە ژیانی ئاسایی‌یاندا تاڵی و سوێریی ئەوتۆیان نەچێشتووه. 
ئەوەی که زۆر ڕوونه، ئەوەیه که جۆری فەرهەنگی کۆن و ئێستا جیاوازییەکی زۆریان هەیه، جا بۆیه زۆر جار لەناو ئەو دەقانەی ئاماژەمان پێکردن، هێندێک وشە یان ڕسته هەن که له کاتی ئێستادا هێنانەسەر زمانیان لەبەر وەبەرچاوگرتنی حەیا و شەرمەوه، بڕێک حاستەمه. ناشکرێ لەبەر ئەو شەرمە، هەر بەجارێک وەلایان بنێین، چونکه ئەوانه بەرهەمی ئەزموونی پێشینیانی ئێمەن.
بۆ نموونه؛ ئەرێ دەکرێ له زمانی فارسیدا بەهۆی بەشی «هزلیات» که کۆمەڵێک دەق و هەڵبەستی بەناوبانگی شاعیری گەورەی فارس (سعدی)یه، هەر ئەو هۆنەره یان ئەو بەرهەمانەی ئەو وەلابنێین چونکه لەواندا باسی جووتبوون، تێکەڵی لەگەڵ ئاژەڵان و زۆر شتی تری کردووه؟! یان هۆنراوەی «جوان و ناحەز»ی حافزی مەهابادی لەبەر بێ‌پەردەبوونی نیوبەیتەکانی یەکەمی، له ئەدەبی کوردی بسڕینەوە؟! یان «دیوان ایرج میرزا»ی فارسی و «دیوانی شێخ‌ڕەزای تاڵەبانی»ی کورد هەروەتر؟!
بۆیه ئەو لکەمان له ژێر لکی «کولتوور»دا ناو نا: «وەباڵ بەستۆی خۆت!» واتا دەتوانی نەیخوێنییەوه بەڵام ئەگەر خوێندتەوە، نابێ گلەیی بکەی و تێکهەڵبگلێی!!

باران بێت یان تاو؟

پوور ئەستی بە مام حەمەدەمینی کوت:
- ئەرێ پیاوەکە، بۆ سەردانێکی هەردووک کچەکانمان ناکەی، بزانی حاڵیان چۆنە؟!
- باشە، منیش هەر لەو بیرەدابووم! بڕێکم نان و پەنیر بۆ دانێ هەر ئێستا وەڕێدەکەوم!

***

پاش چەند ڕۆژان مام حەمەدەمین گەڕاوە. پوور ئەستی پرسی:
- پیاوەکە بەخێر هاتییەوە، ئەرێ کچەکان چۆن بوون؟
- هەردووکیان حاڵیان باش بوو، بەڵام ڕاستییەکەی، یەکیان دەیکوت بابە، لە کوورەخانەی خشتتەیەکی یەکجار زۆرمان بڕیوە و چاوەڕێی وشک بوونەوەیانین، خوا بکا باران نەبارێ دەنا زیانێکی زۆر دەبینین! ئەوی دیکەش دەیکوت بابە، بێستانێکی یەکجار زۆرمان کردووە و چاوەڕێی بارینی بارانین، ئەگەر نەبارێ ماڵ¬وێران دەبین! جا بۆیە هیچ شکی تێدا نییە یەکێک له زاوایەکانمان خەنی دەبێ و ئەوی دیکەشیان بە گـ...نی مامی خۆیدا دەڕی!!!

هاوبەشکردن