نۆرۆئەناتۆمی (ئەناتۆمیی مێشکی مرۆڤ)
مێشکی مرۆڤ، پێچراوەترین شت لە جیهانی ناسراودا
مێشکی مرۆڤ ئەندامێکی سەرسوڕهێنەری سێ کیلۆیییە کە هەموو کارەکانی جەستە چاودێری دەکات. مێشک زانیارییەکان لە جیهانی دەرەوە وەردەگرێت، لێکیاندەداتەوە و سروشتی مێشک و دەروون دەنەخشێنێت. هۆش، داهێنان، هەستەکان و بیرگە چەند شتێکن لەو شتە زۆرانەی کە لەلایەن مێشک بەڕێوەی دەبات.
مێشکی مرۆڤ لە مۆخ، مۆخچە و لاسکی مێشک پێکهاتووە کە لەلایەن ئێسکی کەللەسەرەوە پارێزراون. مێشک زۆربەی کات زانیارییەکان لە ڕێگەی پێنج هەستی سەرەکییەوە وەردەگرێت، واتە: دیتن، بۆنکردن، بیستن، دەستلێدان و تامکردن. مێشک ئەم پەیامانە بە شێوەیەک کۆدەکاتەوە کە بۆ ئێمە تێگەیشتنی لێ بکرێت و ئەم زانیارییانە لە ناوچە دیاریکراوەکان و زۆرجار نهێنییەکاندا پاشەکەوت دەکات. مێشکی مرۆڤ هەروەها ڕۆڵی هەیە لە چاودێریی بیرکردنەوە، بیرگە، قسەکردن، جووڵەی قۆڵ و قاچ و هتد.
کۆئەندامی دەماری ناوەندی (CNS) لە مێشک و دڕکەپەت پێکهاتووە. کۆئەندامی دەماری دەوروبەر (PNS) پێکهاتووە لە دەمارەکانی دڕکەپەت کە لە دڕکەپەتەوە لک دەردێنن و دەمارەکانی سەر کە لە مێشکەوە لک دەردێنن.
مێشک
مێشک لە مۆخ، مۆخچە و لاسکی مێشک پێکهاتووە.
مۆخ
مۆخ (Cerebrum) گەورەترین بەشی مێشکە کە لە دوو نیوگۆی چەپ و ڕاست پێکهاتووە. مۆخ ئەرکەکانی وەک لێکدانەوەی هەستی دەستلێدان، دیتن، بیستن، قسەکردن، پێسەلماندن، هەستەکان، فێربوون و چاودێریی وردی جووڵەکانی لە ئەستۆدایە.مۆخچە
مۆخچە (Cerebellum) لە ژێر مۆخ هەڵکەوتووە و ئەرکی، هاوئاهەنگیکردنی جووڵەی ماسولکەکان و پاراستنی دۆخ و هاوسەنگیی لەشە.لاسکی مێشک
لاسکی مێشک (Brainstem) وەک ناوەندی چاودێریی پەیوەندییەکانی نێوان مۆخ، مۆخچە و دڕکەپەت کاردەکات. ئەم بەشە لە زۆرێک لە کارە خۆنەویستەکاندا وەک هەناسەدان، لێدانی دڵ، پلەی گەرمیی لەش، هۆشیاری، سووڕی خەو، هەرسکردنی خواردەمەنی، پشمین، کۆخە، ڕشانەوە و قوتداندا بەشداری دەکات.نیوگۆکانی مێشک
مێشکی مرۆڤ دەکرێتە دوو بەشی سەرەکی: نیوگۆی ڕاست و چەپ. ئەم دوو نیوگۆیە بە کۆمەڵێک ڕیشاڵی دەماری بە ناوی جەستەی پینە (Corpus callosum) کە پەیامەکان لە نیوگۆیەکەوە بۆ نیوگۆیەکەی تر دەگوازێتەوە، لەگەڵ یەکتردا پەیوەندییان هەیە. هەر نیوگۆیەک چاودێریی بەشی پێچەوانەی خۆی لە لەشدا لە ئەستۆدایە. (نیوگۆی چەپ، بەشی ڕاستی لەش و نیوگۆی ڕاست بەشی چەپی لەش چاودێری دەکات).ئەگەر جەڵتەی مێشک لە لای ڕاستی مێشکی کەسێک بدات، ڕەنگە باسک یان قاچی چەپی کەسەکە لاواز یان لەکارکەوتوو ببێت. بێگومان هەموو کردارەکانی هەردوو نیوگۆی مێشک هاوبەش نین و بە گشتی نیوگۆی چەپی مێشک، تێگەیشتن لە قسەکردن، بیرکاری و توانای نووسین چاودێری دەکات. هەروەها نیوگۆی ڕاستی مێشک، داهێنان، توانای تێگەیشتنی بۆشایی، لێهاتووییەکانی هونەر یو مۆسیقا چاودێری دەکات.
نیوگۆی چەپی مێشک زۆرتر لە بەکارهێنانی دەست و زماندا لە ٩٢٪ خەڵکدا باوە.
لۆبەکان (کاکڵەکان)ی مێشک
نیوگۆکانی مێشکی مرۆڤ خاوەنی قەڵشگەلێکی جیاوازن کە مێشک دابەش دەکەن بە کاکڵ یان لۆبی جیاواز. هەر نیوگۆیەک (Hemisphere) خاوەنی چوار کاکڵە:کاکڵی پێشسەر (Frontal Lobe)
کاکڵی تەپڵەسەر (Parietal Lobe)
کاکڵی لاجانگ (Temporal Lobe)
کاکڵی پاشسەر (Occipital Lobe)
هەر لۆبێک ڕەنگە بۆ ناوچەکانی دیکە دابەش بکرێت کە کردارە تایبەتەکان چاودێری دەکەن. زانینی ئەوەی کە هەر لۆبێکی مێشک بە تەنیا کەموکووڕیی لە کرداردا هەیە، زۆر گرنگە.
پەیوەندییەکی زۆر پێچراوە لە نێوان لۆبەکانی مێشک و نیوگۆکانی مێشکدا هەیە.
کاکڵی پێشسەر
- کەسایەتی، ئاکار، هەستەکان
- دادوەری، پلانداڕێژی، چارەسەرکردنی کێشە
- دروستکردنی جووڵە بۆ بەرهەمهێنانی نووسین و قسەکردن (ناوچەی برۆکا)
- جووڵەکانی لەش
- هۆش، وردبوونەوە، خۆئاگایی
کاکڵی تەپڵەسەر
- لێکدانەوەی زمان و وشەکان
- هەستەکانی وەک دەستلێدان، ئازار، تێگەیشتن لە پلەی گەرمیی لەش
- لێکدانەوەی پەیامەکانی دیتن، بیستن، جووڵە، هەست و بیرگە
- تێگەیشتنی بۆشایی و ڕواڵەت
کاکڵی پاشسەر
- لێکدانەوەی دیتن (ڕەنگ، ڕووناکی و جووڵە)
کاکڵی لاجانگ
- تێگەیشتن لە زمان (ناوچەی وێرنیکە)
- بیرگە
- بیستن
- ڕیزبەندی و ڕێکخستن
زمان
بە گشتی نیوگۆی چەپی مێشکی مرۆڤ بەرپرسیارە لە زمان و قسەکردن و وەک نیوگۆی زاڵ ناسراوە. نیوگۆی ڕاستی مێشکی مرۆڤ ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە لێکدانەوەی زانیارییە دیتنییەکان و بۆشایییەکاندا.
کردارەکانی قسەکردن لە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی کە چەپدەستن، ڕەنگە لە نیوگۆی ڕاستی مێشکدا ڕووبدات. ئەم کەسانە ڕەنگە پێویستیان بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی تایبەت بێت کە دیاری بکات ناوەندی قسەکردن لە مێشکیاندا لە کام نیوگۆدایە.
ئەفازیا (Aphasia) کێشەیەکی زمانییە کە کاریگەری لەسەر دەربڕینی قسەکردن، تێگەیشتن، خوێندنەوە و نووسین هەیە و زۆرجار بەهۆی تڕۆما (زیان) یان جەڵتەی مێشکەوە دروست دەبێت. جۆری ئەفازیا پشت بەو ناوچەیە دەبەستێت کە لە مێشکدا زیانی پێگەیشتووە.
ناوچەی برۆکا (Broca) : لە لێواری کاکڵی پێشسەری چەپدا هەڵکەوتووە. ئەگەر ئەم ناوچەیە زیانی پێبگات، ڕەنگە کێشە دروست بکات لە جووڵەکانی زمان و ماسولکەکانی ڕوخساردا بۆ بەرهەمهێنانی دەنگ. لەم دۆخەدا کەسەکە توانای تێگەیشتنی لە قسەکردن هەیە بەڵام لە قسەکردن و نووسیندا تووشی کێشە دەبێت. بۆ نموونە لە نووسینی دەقێکدا، وشەکان بە شێوەیەکی ڕاست و لە دێڕێکدا نانوسرێن (ئەفازیای برۆکا یان Broca`s Aphasia).
ناوچەی وێرنیکە (Werniche): لە لێواری کاکڵی لاجانگی چەپدا هەڵکەوتووە. زیان گەیشتن بەم ناوچەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەفازیای وێرنیکە (Werniche Aphasia). ڕەنگە کەسەکە لەم دۆخەدا ڕستەی درێژی بێ مانا بڵێت و تەنانەت ڕەنگە وشەی نوێ دروست بکات. ئەم کەسانە توانای قسەکردنیان هەیە بەڵام لە تێگەیشتن لە قسەکردندا کێشەیان هەیە و ئاگاداری هەڵەکانی خۆیان نین لە قسەکردندا.
توێخی مێشک (کۆرتێکس )
بە بەشی ڕووی مۆخ دەکوترێت کۆرتێکس (Cortex) کە خاوەنی بەرزی و ڕۆچوونی زۆرە. کۆرتێکس خاوەنی ١٦ ملیار نۆرۆنە کە لە چینە تایبەتییەکاندا دانراون. (مۆخچە خاوەنی ٧٠ ملیار و بە گشتی مێشک خاوەنی ٨٦ ملیار نۆرۆنە).ڕووی خانە دەمارییەکانی کۆرتێکس بە ڕەنگی خۆڵەمێشییە و ماکی خۆڵەمێشی مێشک دروست دەکەن.
لە ژێر توێخی مێشک، ڕیشاڵە درێژە دەمارییەکان بە ناوی ئاکسۆن هەن کە پەیوەندیی نێوان خاڵە جیاوازەکانی مێشک دابین دەکەن. بەم بەشە دەکوترێت ماکی سپی مێشک.
توێخی مێشک خاوەنی بەرزی و ڕۆچوونی زۆرە و ئەم شێوەی توێخی مێشک دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕووبەری مێشک و ڕێگە دەدات نۆرۆنی زیاتر لە ناو کەللەسەردا جێگە ببنەوە و بەم هۆیەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی کردارەکانی مێشک.
هەر گنجێک لە مێشکدا بە Gyrus ناودەبرێت و بە کووزەکانی نێوان ئەم گنجانە Sulcus دەکوترێت. بۆ هەر گنج و کووزێک، بۆ دیاریکردنی ناوچە تایبەتەکانی مێشک ناوێک هەیە.
پێکهاتە قووڵەکانی مێشک
ئەو ڕێڕەوانەی کە پێیان دەکوترێت ماددەی سپی (White matter)، بەشە جیاوازەکانی توێخی مێشک بە یەکەوە دەبەستنەوە.پەیامەکان دەتوانن بەم ڕێگەیە لە Gyrusێکەوە بۆ Gyrusێکی دیکە و لە لۆبێکەوە بۆ لۆبێکی دیکە و هەروەها لە بەشێکی مێشکەوە بۆ بەشێکی دیکەی بگوازرێنەوە.
هیپۆتالامۆس (Hypothalamus): لە سەرەوەی سکۆلەی سێیەمدا هەڵکەوتووە و ناوەندی سەرەکیی چاودێریی خۆنەویستی لەشە. هیپۆتالامۆس ڕۆڵی هەیە لە چاودێریکردنی ئاکارەکانی وەک برسیەتی، تینوویەتی، خەو و وەڵامدانەوەی جنسی.
ڕژێنی هیپۆفیز : لە بەشێکی بچووکی خوارەوەی ئێسکی کەللەسەردا هەڵکەوتووە. ڕژێنی هیپۆفیز بە ڕیشاڵێکەوە بە هیپۆتالامۆسەوە بەستراوەتەوە.
ئەم ڕژێنە وەک ڕژێنی سەرەکی یان ناوەندی ناسراوە و چاودێریی دەردانی ڕژێنەکانی دیکەی لەشی لە ئەستۆدایە. ئەم ڕژێنە دەردانی هۆرمۆنەکانی وەک هۆرمۆنی گەشە، هۆرمۆنە جنسییەکان و هتد زیاد دەکات و لە وەڵامدانەوە بۆ سترێس و کێشە ژینگەیییەکاندا بەشدارە.
ڕژێنی پینەئال (ئێپیفیز): لە پشت سکۆلەی سێیەمەوە هەڵکەوتووە. ئەم ڕژێنە بە دەردانی مێلاتۆنین ڕۆڵی هەیە لە ڕێکخستنی کاتژمێری ناوەکیی لەش و ڕیتمەکانی شەوانەدا. ئەم ڕژێنە هەروەها یارمەتی گەشەی جنسی دەدات.
تالامۆس: وەک وێستگەیەک بۆ وەرگرتنی زۆربەی زانیارییەکان لە توێخی مێشک و لێکدانەوەیان ناسراوە. ئەم بەشە ڕۆڵی هەیە لە هەستی ئازار، هۆشیاری و بیرگەدا.
گرێی بنەڕەتی (Basal ganglia): لە کاودێت (caudate)، پوتامێن (putamen)، گلۆبوس پالیدوس (globus pallidus) پێکهاتووە. ئەم بەشە بە هاوکاری مۆخچە ئەنجامدانی جووڵە وردەکان وەک جووڵەی سەری قامکان دەڕەخسێنێت.
سیستمی لیمبیک: ئەم بەشە ناوەندی هەستەکان، فێربوون و بیرگەیە. ئەم سیستمە لە سینگولات (Cingulate)، هیپۆتالامۆس، ئامیگدالا (Amygdala - وەڵامدانەوە هەستییەکان) و هیپۆکامپوس (hippocampus - بیرگە) پێکهاتووە.
بیرگە
بیرخستنەوە ڕەوتێکی پێچراوەی سێ قۆناخییە: کۆدکردن (Encoding)، پاشەکەوتکردن (Storing) و هێنانەوە / بیرخستنەوە (Recalling). کۆدکردن بە واتای بڕیاردان لەسەر ئەوەیە کە کام بابەتە گرنگە. پاشەکەوتکردن لە مێشکدا کەم و زۆر بە شێوەی دیجیتاڵییە بەڵام بابەتە بایۆلۆژییەکانیش کاریگەرییان لەسەر هەیە. ئەم پاشەکەوتکردنە زۆرجار شوێنێکی دیاریکراوی نییە و گونجانی نزیک ١ پێتابایت (1024 تێرابایت)ـە. هێنانەوە بە واتای وەبیرهێنانەوەی دووبارەی بابەتێکی پاشکۆکراو لە مێشکدایە.ناوچە جیاوازەکانی مێشک لە جۆرەکانی بیرخستنەوەدا بەشدارن. مێشک دەبێت بۆ گواستنەوەی بیرگەی درێژخایەن بۆ کورتخایەن چالاکی بکات.
بەشی توێخی پێشبەر (Prefrontal) زانیارییەکان لە بیرگەی کورتخایەندا پاشەکەوت دەکات و هیپۆکامپوس بەرپرسیارە لە کۆدکردنی بیرگەی درێژخایەن.
- بیرگەی کورتخایەن (Short-term memory) ، بە بیرگەی کارکردن (Working memory)یش دەناسرێت و لە توێخی پێشبەر (Prefrontal)ی مێشکدا ڕوودەدات. زانیارییەکان لەم بەشەدا بۆ ماوەی نزیکەی یەک خولەک پاشەکەوت دەکرێن و گونجانی ئەم بەشە حەوت بابەتە. بۆ نموونە ئەمە ڕێگەت پێدەدات ژمارە تەلەفۆنێک کە تازە پێت کوتراوە وەبیرت بێنییەوە و ژمارەکە بگریت. هەروەها ئەم بەشە لە خوێندنەوەی دەقدا بەشدارە و یارمەتی بیرخستنەوەی ڕستەیەک دەدات کە پێشتر خوێندووتەوە.
- بیرگەی درێژخایەن (Long-term memory) ، لە لۆبی لاجانگی مێشک و هیپۆکامپوسدا لێکدەدرێتەوە و کاتێک چالاک دەبێت کە دەتەوێت شتێک بۆ ماوەیەکی درێژ لەبیرتدا پاشەکەوت بکݩیت. ئەم جۆرە بیرگەیە خاوەنی گونجانی نزیک بێسنوورە. ئەم بەشە بیرگەی ئاشکرا و گومانی لەخۆدەگرێت.
- بیرگەی لێهاتوویی (Skill memory) لە مۆخچەدا لێکدەدرێتەوە و ئەم زانیارییانە لە گرێی بنەڕەتی (Basal ganglia)دا دادەنرێن. بیرەوەرییەکانی وەک چۆنیەتی یاریکردن بە ئامێرەکان و دووچەرخەسواری و هتد بە شێوەی خۆکار لەم بەشەدا پاشەکەوت دەکرێن.
سکۆلەکانی مێشک و شلەی مێشکی-دڕکەپەتی
مێشکی مرۆڤ خاوەنی چەند هڵۆڵی بەتاڵە بە ناوی سکۆلە (Ventricle). لە ناو سکۆلەکاندا شلەێکی بێ ڕەنگ بە ناوی شلەی مێشکی-دڕکەپەتی (CSF) هەیە. شلەی مێشکی-دڕکەپەتی لە ناو مێشک و دڕکەپەت و دەوریاندا دەجووڵێت و ڕێگری لە زیان گەیشتن بەم دووانە دەکات. ئەم شلەیە بەردەوام ئاڵوگۆڕی لەگەڵ خوێندا دەکات.
دوو سکۆلەی قووڵ لە نێوان نیوگۆکانی مێشکی مرۆڤدا هەن کە پێیان دەکوترێت سکۆلە لایەنییەکان. هەردووکیان لەگەڵ سکۆلەی سێیەمدا پەیوەندییان هەیە.
سکۆلەی نێوانی لە ڕێگەی سکۆلەی باریکی دووهەمەوە بە سکۆلەی چوارەم و سکۆلەی چوارەم لە ڕێگەی کەناڵی سیلڤیۆسەوە بە سکۆلەی سێیەمەوە بەستراوەتەوە. شلەی مێشکی-دڕکەپەتی لە ڕێگەی پێکهاتە تایبەتەکانەوە لە سینووسی sagittal بە ناوی ڤیلی ئاراکنۆید (arachnoid villi) دەمژرێت.
هاوسەنگیی نێوان CSFی مژراو و بڕی بەرهەمهێنراو، هەمیشە پارێزراوە.
تێکچوون یان گیران لە سیستمەکەدا دەتوانێت ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتری CSF و لە ئاکامدا گەورەبوونی سکۆلە یان هایدرۆسێفالی (Hydrocephalus - ئاوی مێشک) یان ببێتە هۆی کۆبوونەوەی CSF لە دڕکەپەتدا کە پێی دەکوترێت سیرینگۆمایلیا (Syringomyelia).
کەللەسەر
ئامانج و کرداری کەللەسەر (Skull)، پاراستنی مێشکی مرۆڤ و ڕێگریکردنە لە هەر جۆرە زیانێکی مێشک. کەللەسەر لە ٨ ئێسک پێکهاتووە کە لە تەنیشت یەکتر دانراون، ئەم ئێسکانە بریتین لە:- پێشسەر (Frontal)
- تەپڵەسەر (Parietal) (جووتێک)
- لاجانگ (Temporal) (جووتێک)
- سپینۆید (Sphenoid)
- پاشسەر (Occipital)
- ئێتمۆید (Ethmoid)
- شەوێلاکەی سەرێ (Maxilla) (جووتێک)
- ڕوومەت (zygoma) (جووتێک)
- کەپۆ (nasal) (جووتێک)
- مەڵاشوو (palatine) (جووتێک)
- فرمێسک (lacrimal) (جووتێک)
- زێدە خوارەوەی کەپۆ (inferior nasal conchae) (جووتێک)
- mandible (یەک دانە)
- vomer (یەک دانە)
لە ناو کەللەسەردا سێ ناوچەی جیاواز هەن: هڵۆڵی پێشەوە، هڵۆڵی نێوانی و هڵۆڵی پاشەوە. هەندێک جار پزیشکان بەم شێوەیە ناوچەی تۆپەڵە (تومۆر) دیاری دەکەن. وەک مەننژیۆمی هڵۆڵی نێوانی middle fossa meningioma.
وەک کابڵەکانی دەرچوو لە کامپیوتێر، هەموو سوورڕەگەکان، ڕەشڕەگەکان و دەمارەکان، لە خوارەوەی کەللەسەرەوە لە ڕێگەی کونەکانی فۆرامینا (Foramina) دەردەچن.
دەمارەکانی مێشک
مێشک بە ٣١ جووت دەماری دڕکەپەت لەگەڵ دڕکەپەت و ١٢ جووت دەماری مێشک لەگەڵ هەموو لەشدا پەیوەندی دەگرێت. مێشک ١٠ لە ١٢ جووتەکانی دەماری مێشک چاودێری دەکات، لەوانە: بیستن، جووڵەی چاو، هەست لە ڕوخساردا، هەستی چێژ، قوتدان و جووڵەکانی ماسولکەکانی ڕوخسار، مل، شان و زمان.ناو و کرداری ١٢ جووت دەماری مێشک:
| ژمارەی دەمار | کرداری دەمار | ناوی دەمار |
| 1 | بۆنکردن | دەماری بۆنکردن |
| 2 | دیتن | دەماری دیتن |
| 3 | جووڵەی گۆی چاو و ڕەشکێنە | دەماری چاو |
| 4 | جووڵەی گۆی چاو | دەماری ترۆکلێر (Trochlear) |
| 5 | هەستەکانی ڕوخسار | دەمارە سێیانەکان (Trigeminal) |
| 6 | جووڵەی گۆی چاو | دەماری ماسولکە (Abducens) |
| 7 | جووڵەی ڕوخسار و دەردانی تف | دەماری ڕوخسار (Facial) |
| 8 | بیستن و هاوسەنگی | دەماری بیستن و هاوسەنگی (Vestibulocochlear) |
| 9 | چێژ و قوتدان | دەماری چێژ (Glossopharyngeal) |
| 10 | لێدانی دڵ و هەرسکردن | دەماری دەیەمی مێشک (ڤاگوس) |
| 11 | جووڵەی سەر و مل | دەماری لایەنی لاوەکی (Accessory) |
| 12 | جووڵەی زمان | دەماری زمانی (Hypoglossal) |
مەنێنژ (پەردەکانی مێشک)
مێشک و دڕکەپەت بە شانەیەکی سێ چین بە ناوی مەنێنژ (Meninge) پارێزراون. ئەم چینانە لە دەرەوەوە بۆ ناوەوە بریتین لە:پەردەی دەرەکی (Dura mater)
پەردەی جاڵجاڵۆکەیی (Arachnoid mater)
پەردەی ناوەکی (Pia mater)
پەردەی دەرەکی: چینێکی ئەستوور و ڕەقە کە لە ناو کەللەسەردا هەڵکەوتووە. ئەم بەشە خاوەنی دوو چینە: پێریۆستیال و مەنێنژیال دۆرا.
پەردەی جاڵجاڵۆکەیی: پەردەیەکی تەنکە کە هەموو ڕووی مێشک دادەپۆشێت. ئەم بەشە لە شانەی کشۆک (نەرم و ڕاکێش) پێکهاتووە. بۆشایی نێوان پەردەی دەرەکی و جاڵجاڵۆکەیی، بە بۆشایی ژێر-دۆراڵ (subdural) ناودەبرێت.
پەردەی ناوەکی: دوای بەرزی و قووڵاییەکانی مێشک، ئەم بەشە ڕووی مێشک دادەپۆشێت. پەردەی ناوەکی خاوەنی ژمارەیەکی زۆر ڕەگی خوێنە کە ماددە خواردەمەنییەکان و ئۆکسجین دەگەیەننە مێشک.
خوێن گەیاندن بە مێشک
خوێن بە ڕێگەی دوو جووت سوورڕەگ بە ناوەکانی سوورڕەگە ناوەکییەکانی کارۆتید و سوورڕەگەکانی ڤێرتیبراڵ دەگوازرێتەوە بۆ مێشک. زۆربەی خوێن گەیاندنەکە لە ڕێگەی سوورڕەگەکانی کارۆتیدەوە ئەنجام دەدرێت.
سوورڕەگی ڤێرتیبراڵ خوێن دەگەیەنێتە مۆخچە، لاسکی مێشک و بەشی خوارەوەی مۆخ.
سوورڕەگی ڤێرتیبراڵی ڕاست و چەپ دوای تێپەڕبوون لە کەللەسەر بە لکان بە یەکەوە، سوورڕەگی باسیلار (basilar) دروست دەکەن و سوورڕەگی باسیلار و کارۆتید لە بنەڕەتی مێشکدا، بە لکان بە یەکەوە، سووڕی ویلیس دروست دەکەن.
پەیوەندی نێوان دوو سوورڕەگی کارۆتید و باسیلار-ڤێرتیبراڵ تایبەتمەندییەکی گرنگە بۆ پاراستنی مێشک، بەو شێوەیەی کە ئەگەر جووڵەی خوێن لە یەکێک لە سوورڕەگەکاندا ببەسرێت، ڕەنگە جووڵەی خوێنی لایەنی بچووک بچێتە ناو سووڕی ویلیسەوە و ڕێگری لە زیان گەیشتن بە مێشک بکات.
سووڕی خوێن لە مێشکدا زۆر جیاوازە لە سووڕی خوێن لە شوێنەکانی دیکەی لەشدا. بە شێوەی ئاسایی سوورڕەگەکان وەشڕەگەکان لەگەڵ یەکتر لە بەشەکانی لەشدا چالاکی دەکەن؛ بۆیە وا دەردەکەوێت کە دەبێت جووتێک ڕەگی کارۆتید و ڕەگی باسیلار هەبێت، لە کاتێکدا لە مێشکدا بەم شێوەیە نییە. ڕەشڕەگە کۆکەرەوە سەرەکییەکان تێکەڵدەبن بە پەردەی دەرەکییەوە بۆ پێکهێنانی سینووسی ڕەشڕەگی (نابێت بە هەڵە لەگەڵ سینووسەکانی هەوا لە ناوچەی ڕوخسار و کەپۆدا لێکبدرێن). سینووسە ڕەشڕەگییەکان خوێن لە مێشکەوە کۆدەکەنەوە و دەیگوازنەوە بۆ ڕەشڕەگەکانی ناوەوەی گەروو. سینووسەکانی سەرەوە و خوارەوەی ساجیتاڵ، مۆخ دەردەدەن، سینووسەکانی ئەشکەوتی، بنەڕەتی پێشەوەی کەللەسەر دەردەدەن. لە کۆتاییدا هەموو سینووسەکان دەڕژێنە ناو سینووسەکانی سیگمۆید کە لە کەللەسەر دەردەچن و ڕەشڕەگەکانی گەروو پێکدێنن. ئەم دوو ڕەشڕەگەی گەروو لە ڕاستیدا تاکە ئاوەڕۆی مێشکن.
خانەکانی مێشک
مێشکی مرۆڤ لە دوو جۆر خانە پێکهاتووە بە ناوەکانی خانەی دەماری (نۆرۆن) و خانەی گلیاڵ.خانەکانی دەماری (نۆرۆن)
نۆرۆنەکان (Neurons) بە شێوە و قەبارەی جیاواز هەن بەڵام هەموویان لە جەستەی خانە (Soma)، ئاکسۆن (Axon) و هەندێک دێندریت (Dendrite) پێکهاتوون.
خانەی دەماری زانیاری و پەیامەکان لە ڕێگەی سیگناڵەکانی برقی و کیمیاییەوە دەگوازێتەوە و هەر نۆرۆنێک زانیارییەکان بە نۆرۆنی تەنیشتی خۆی دەدات.
نۆرۆنەکان وزەی خۆیان بۆ یەکتر دەگوازنەوە و ئەم ڕەوتە لە ڕێگەی سیناپسەوە ئەنجام دەدرێت. هەر نۆرۆنێک خاوەنی چەندین دێندریتە کە وەک ئانتێن کاردەکات و پەیامەکە لە نۆرۆنێکی دیکەوە وەردەگرێت.
ئەم پەیامەیە دەگوازرێتەوە بۆ جەستەی خانە و لەوێ لێکدەدرێتەوە و دواتر لە جەستەی خانەوە بۆ کۆتایی ئاکسۆن دەڕوات و لە ڕێگەی ڤێزیکۆلەکان یان کیسەگەلێک کە خاوەنی گواستەرەوەی دەمارین (Neurotransmitter)، ڕێڕەوی سیناپس تێدەپەڕێنێت و بۆ نۆرۆنێکی دیکە دەگوازرێتەوە.
خانەی گلیاڵ
ئەم خانانە ئەرکی پێدانی خواردەمەنی، پاراستن و ئاگاداریکردنی نۆرۆنەکانیان لە ئەستۆدایە. بۆ هەر نۆرۆنێک نزیکەی ١٠ بۆ ٥٠ خانەی نۆرۆگلیا هەیە. باوترین تۆپەڵەکانی (تومۆرەکان) مێشک لە خانەکانی نۆرۆگلیاوە سەرچاوە دەگرن.
خانەکانی نۆرۆگلیا چوار جۆرن:
- ئەسترۆسایت (Astrocyte): ئەم خانانە خوێنی سووڕاو لە مێشکدا ڕێکدەخەن و چوونە ژوورەوە و دەرچوونی ماددە خواردەمەنیییەکان بۆ مێشک چاودێری دەکەن، هەروەها هۆمیۆستاسیس، چاککردنەوەی نۆرۆنەکان و کردارە برقییەکانی نێوان نۆرۆنەکان چاودێری دەکەن.
- ئۆلیگۆدێندرۆسایت (Oligodendroglia): ماددەیەک لە جۆری پەردە بە ناوی مایلین بەرهەم دێنێت کە دەوری زێدەکانی نۆرۆنەکان (ئاکسۆن و دێندریت) دەگرێت و دەبێتە هۆی خێراکردنی جووڵەی سیگناڵی برقی لە درێژایی ئەواندا.
- ئێپێندیماڵ (Ependymal): ئەم خانانە لە داپۆشی دیواری ڕەگی سکۆلە (Ventricle)دا هەڵکەوتوون و چاودێری شلەی مێشکی-دڕکەپەتی (CSF) دەکەن.
- مایکرۆگلیا (Microglia): ئەم خانانە ئەرکی پاراستن و دابینکردنی بەرگریی مێشکیان لە ئەستۆدایە و هەروەها ڕۆڵیان هەیە لە ڕێکخستنی سیناپسەکاندا.
ئەم بابەتە بە سەرپەرشتی مامۆستای بایۆلۆجی ئامادەکراوە.
سەرچاوەکان:
بارکردنی سەرنجەکان...