ئەناتۆمیی دڵ

ئەناتۆمیی دڵ

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/11/15 (بەڕۆژکرا: 2026/11/16)
بینین: 7
کاتی خوێندن: 1 خولەک

دڵ: بزوێنەری ژیان و ناوەندی سووڕی خوێن لە جەستەی مرۆڤدا


پێشەکی و گرنگیی دڵ
دڵ ئەندامێکی ماسوولکەیییە لە ناوەندی کۆئەندامی سووڕی خوێن (Cardiovascular System) کە وەک پۆمپێک کاردەکات. ئەرکی سەرەکیی دڵ پۆمپکردنی خوێنە بۆ ئەوەی ئۆکسجین، خۆراک و هۆرمۆنەکان بگەیەنێتە هەموو خانەکانی جەستە و هەروەها پاشماوەکانی وەک کاربۆن دی ئۆکسید لە جەستە دووربخاتەوە. دڵی مرۆڤ ڕۆژانە نزیکەی ١٠٠,٠٠٠ جار لێدەدات و دەیان هەزار لیتر خوێن پۆمپ دەکات.


ئەناتۆمی و پێکهاتەی دڵ


دڵ لە ناوەندی سینگدا، لە نێوان دوو سی و لە پشتەوەی ئێسکی چۆڵەمەی سینگدا (Sternum) هەڵکەوتووە. قەبارەی دڵی مرۆڤی گەورە نزیکە و هاوشێوەی مستێکی داخراوی دەستی چەپی خۆیەتی که لە ناوەڕاستی سینگیدا داینابێت. کێشی دڵ دەگاتە ٢٥٠ تا ٣٥٠ گرام.


دڵ لە چوار هڵۆڵ پێکهاتووە:
  • گوێچکەلەی ڕاست (Right Atrium) : خوێنی بێ ئۆکسجین لە جەستەوە وەردەگرێت.
  • گوێچکەلەی چەپ (Left Atrium) : خوێنی ئۆکسجیندار لە سییەکانەوە وەردەگرێت.
  • سکۆلەی ڕاست (Right Ventricle) : خوێنی بێ ئۆکسجین بۆ سییەکان دەنێرێت.
  • سکۆلەی چەپ (Left Ventricle) : بەهێزترین هڵۆڵی دڵە و خوێنی ئۆکسجیندار بۆ هەموو جەستە دەنێرێت.
ڕواڵەتی دڵ لە دەرەوەڕا

ئەناتۆمی دڵ و چوار هڵۆڵەکەی


ماسولکە و چینەکانی دڵ


ماسولکەی دڵ شانەیەکە بە پێچەوانەی دوو جۆری دیکە (ماسولکەی ئێسکان و ماسولکەی تەخت) سەربەخۆیە و لە سیستمی دەماری فەرمان وەرناگرێت. ئەم ماسولکەیە، گرنگترین و ژیانی‌ترین ئەندامی جەستە واتە دڵ پێکدێنێت و بە گرژبوونی، خوێن لە ڕێگەی ڕەگەکانەوە بۆ هەموو شانەکانی جەستە دەنێرێت.
دڵ سێ چینی سەرەکی هەیە:
ئێندۆکاردیۆم : بەو چینە دەکوترێت کە بەشی ناوەوەی دڵ دادەپۆشێت.
میۆکاردیۆم : چینی نێوانیی دو دیواری دەرەوە و ژوورەوەیە و لە ڕاستیدا پێکهاتەی سەرەکیی ماسولکەکانی دڵە.
پێریکاردیۆم : بەو چین و پەردەیە دەکوترێت کە دەرەوەی دڵ دادەپۆشێت.

چین و ماسولکەکانی دڵ


زمانەکانی دڵ (Heart Valves)

بۆ ئەوەی خوێن تەنیا بە یەک ئاراستەدا بجوڵێت و نەگەڕێتەوە، دڵ چوار زمانەی سەرەکیی هەیە. زمانە وەک دەرگایەک کاردەکات؛ دەکرێتەوە بۆ تێپەڕینی خوێن و دادەخرێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی خوێن. ئەو چوار زمانە بریتین لە:
  • زمانەی سێ لەتی (Tricuspid Valve) : لە نێوان گوێچکەلەی ڕاست و سکۆلەی ڕاستدایە.
  • زمانەی سییەکان (Pulmonary Valve) : لە نێوان سکۆلەی ڕاست و سوورڕەگی سییەکاندایە.
  • زمانەی دوو لەتی یان میتراڵ (Mitral Valve) : لە نێوان گوێچکەلەی چەپ و سکۆلەی چەپدایە.
  • زمانەی ئائۆرت (Aortic Valve) : لە نێوان سکۆلەی چەپ و ئائۆرتـدایە.
دەنگی لێدانی دڵ (دەنگی تەپ‌تەپ) لە ڕاستیدا بەهۆی داخستنی ئەم زمانانەوە دروست دەبێت.
شوێنی چوار زمانەکەی دڵ


ڕەگەکان و سووڕی خوێن


خوێن لە ناو جەستەدا بە هۆی تۆڕێکی بەربڵاوی ڕەگی خوێنییەوە دەگوازرێتەوە. کۆئەندامی سووڕی خوێن لە سێ جۆری سەرەکیی ڕەگی خوێنی پێکهاتووە:
  • سوورڕەگ (Artery) : ئەو ڕەگی خوێنیـیە کە خوێنی ئۆکسجیندار (بە شێوەیەکی گشتی) لە دڵەوە بۆ شانەکانی جەستە دەگوازێتەوە. دیواری ئەم ڕەگانە ئەستوور و نەرمە بۆ ئەوەی فشاری بەرزی خوێن ڕابگرن. گەورەترین و سەرەکیترین سوورڕەگی جەستە ئائۆرت (Aorta)ـە کە خوێن ڕاستەوخۆ لە سکۆلەی چەپەوە وەردەگرێت و بۆ هەموو جەستە دایدەبەزێنێت.
  • ڕەشڕەگ (Vein) : ئەو ڕەگی خوێنیـیە کە خوێنی بەکارهاتوو و بێ ئۆکسجین (بە شێوەیەکی گشتی) لە شانەکانەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ دڵ. دیواریان تەنکترە و زۆرێکیان زمانەی تایبەتیان تێدایە بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەی خوێن بکەن.
  • مووڕەگ (Capillary) : ئەمانە وردە ڕەگی خوێنیـن کە سوورڕەگە بچووکەکان بە ڕەشڕەگە بچووکەکانەوە دەبەستنەوە. دیواری مووڕەگ تەنیا لە یەک چینی خانە پێکهاتووە، ئەمەش وا دەکات ئاڵوگۆڕی ئۆکسجین، خۆراک و پاشماوەکان لە نێوان خوێن و خانەکانی جەستەدا بە ئاسانی ئەنجام بدرێت.
سووڕی خوێن و جۆری ڕەگەکان


دابینکردنی خوێن بۆ شانەکانی دڵ (Coronary Circulation)
هەرچەندە دڵ بەردەوام خوێن بۆ هەموو جەستە پۆمپ دەکات، بەڵام ماسوولکەی دڵ (Myocardium) خۆشی پێویستی بە ئۆکسجین و خۆراک هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت کار بکات. دڵ ناتوانێت ئۆکسجین ڕاستەوخۆ لەو خوێنەوە وەربگرێت کە لە ناو هڵۆڵەکانیدا تێدەپەڕێت. بۆیە، سیستمێکی تایبەتی ڕەگی خوێنی هەیە کە تەنیا بۆ دابینکردنی خوێنی ئۆکسجیندار بۆ شانەکانی خودی دڵ دروست بووە. بەم سیستمە دەکوترێت « سووڕی خوێنی کۆرۆنێری » (Coronary Circulation).
سوورڕەگەکانی کۆرۆنێری (Coronary arteries) کە خوێن بۆ ماسوولکەی دڵ دەگەیەنن

سوورڕەگەکانی کۆرۆنێری (Coronary Arteries)
سوورڕەگەکانی کۆرۆنێری یەکەم سوورڕەگـن کە لە ئائۆرتەوە دەردەچن. ئەمانە دوو سوورڕەگی سەرەکیین کە ڕاستەوخۆ لە بنەمای ئائۆرتەوە (لە سەرەوەی زمانەی ئائۆرت) دەست پێدەکەن:
١. سوورڕەگی کۆرۆنێری چەپ (Left Coronary Artery - LCA)
ئەم سوورڕەگـە کورتە بەڵام زۆر گرنگە و بە دوو لکی سەرەکییەوە دابەش دەبێت:
سوورڕەگی دێسێندینگی پێشەوەی چەپ (Left Anterior Descending - LAD) : بە درێژایی هەڵکەوتنی نێوان دوو سکۆلەکە بەرەو خوارەوە دەچێت و خوێن بۆ دیواری پێشەوەی سکۆلەی چەپ و بەشی پێشەوەی دیواری نێوان دوو سکۆلەکە (Septum) دەگەیەنێت. پزیشکان بە زۆری پێی دەڵێن "Widow-maker" چونکە ئەگەر ئەم سوورڕەگـە ببەسترێت، جەڵتەیەکی دڵی زۆر مەترسیدار ڕوودەدات.
سوورڕەگی دەوری دڵ (Circumflex Artery - LCx) : بەرەو لای چەپ و پشتی دڵ دەسووڕێتەوە و خوێن بۆ دیواری لاتەنیشت و پشتی سکۆلەی چەپ و گوێچکەلەی چەپ دەگەیەنێت.
٢. سوورڕەگی کۆرۆنێری ڕاست (Right Coronary Artery - RCA)
ئەم سوورڕەگـە بە درێژایی هەڵکەوتنی نێوان گوێچکەلەی ڕاست و سکۆلەی ڕاست بەرەو خوارەوە دەچێت و خوێن بۆ ئەمانەی خوارەوە دەگەیەنێت:
  • گوێچکەلەی ڕاست
  • سکۆلەی ڕاست
  • بەشی خوارەوەی دیواری نێوان دوو سکۆلەکە
  • گرێی SA و گرێی AV (سیستمی کارەبایی دڵ)

ڕەشڕەگەکانی کۆرۆنێری (Coronary Veins)
پاش ئەوەی ماسوولکەی دڵ ئۆکسجین و خۆراکی پێویستی وەرگرت، خوێنی بەکارهاتوو پێویستە بگەڕێتەوە بۆ دڵ. ئەم کارە بە هۆی ڕەشڕەگەکانی کۆرۆنێرییەوە ئەنجام دەدرێت. زۆرێک لەم ڕەشڕەگـانە لەگەڵ سوورڕەگەکانی کۆرۆنێری بە شێوەیەکی هاوڕێ (Parallel) دەجووڵێنەوە.
سەرەکیترین ڕەشڕەگی کۆرۆنێری بریتییە لە ڕەشڕەگی گەورەی دڵ (Great Cardiac Vein) کە خوێنی بەکارهاتوو کۆدەکاتەوە و دەیکاتە ناو «سینوسی کۆرۆنێری (Coronary Sinus)»ـەوە. سینوسی کۆرۆنێری ئەو ڕەشڕەگـە گەورەیەیە کە ڕاستەوخۆ دەکرێتەوە بۆ ناو گوێچکەلەی ڕاستـەوە، بۆ ئەوەی خوێنەکە بچێتە ناو سووڕی سییەکانەوە و ئۆکسجینی نوێ وەربگرێت.

گرنگیی کلینیکی: کاتێک سوورڕەگەکانی کۆرۆنێری تەنگ دەبنەوە
ئەگەر بەهۆی کۆبوونەوەی چەوری و کۆلیسترۆلەوە (Plaque) ناوەوەی سوورڕەگەکانی کۆرۆنێری تەنگ بێتەوە، ئەوا خوێنی پێویست بە ماسوولکەی دڵ ناگات. بەم بارودۆخە دەکوترێت نەخۆشیی ڕەگەکانی کۆرۆنێری (Coronary Artery Disease - CAD) .
ئانجینا (Angina) : کاتێک تەنگبوونەکە لە بەشێکیدایە، ماسوولکەی دڵ کاتێک گوشاری زیاتری لەسەر دەبێت (وەک کاتی ڕاهێنان یان سترێس)، ئازارێکی سینگی دروست دەبێت کە پێی دەکوترێت ئانجینا.
جەڵتەی دڵ (Myocardial Infarction) : ئەگەر سوورڕەگـەکە بە تەواوی ببەسترێت (بەهۆی لێکدانی خوێن یان تێکشکانی پلاک)، ئەوا بەشێک لە ماسوولکەی دڵ ئۆکسجینی بە تەواوی لێ دەبڕدرێت و دەمرێت. ئەمە جەڵتەی دڵە و پێویستی بە چارەسەری فریاکەوتنی خێرا هەیە .


سیستمی برقی دڵ (Electrical Conduction System)


لێدانی دڵ بە هۆی ئیمپاڵسە برقیەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئەم سیستمە لە گرێیەکی سروشتیەوە دەست پێدەکات بە ناوی گرێی SA یان (Sinoatrial Node) کە لە گوێچکەلەی ڕاستدایە و وەک "باتری" یان "ڕیتمساز"ی دڵ کاردەکات. کارەباکە بۆ گرێی AV یان (Atrioventricular Node) دەچێت و لەوێوە بەڕێگەی ڕیشاڵەکانی "هیس" و "پورکینجی" بۆ ماسوولکەکانی سکۆلەکان دەگات، ئەمەش وایان لێدەکات وێکبێن و خوێن پۆمپ بکەن.
سیستمی برقی دڵ


نەخۆشییە باوەکانی دڵ


نەخۆشییەکانی دڵ و ڕەگەکان (Cardiovascular Diseases) یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا. هەندێک لە گرنگترین نەخۆشییەکان بریتین لە:
  • نەخۆشیی ڕەگەکانی دڵ (Coronary Artery Disease) : کە بەهۆی کۆبوونەوەی چەوری (Plaque) لە ناو سوورڕەگەکانی دڵدا ڕوودەدات و دەبێتە هۆی تەنگبوون یان داخرانی ڕێگای خوێن کە ئەمەش دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ (Heart Attack).
  • نەخۆشیی ناتەواویی دڵ (Heart Failure) : کاتێک ماسوولکەی دڵ لاواز دەبێت و ناتوانێت بە شێوەیەکی کارا خوێن پۆمپ بکات.
  • نەخۆشییەکانی ڕیتمی دڵ (Arrhythmias) : کاتێک سیستمی برقی دڵ تێکدەچێت و دڵ زۆر خێرا، زۆر ئارام یان بە شێوەیەکی نائاسایی لێدەدات.
  • کێشەکانی زمانە : وەک تەنگبوون یان دزەکردنی زمانەکانی دڵ کە پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت.


پاراستنی دڵ


بۆ پاراستنی دڵ و ڕەگە خوێنیەکان، پزیشکان ئەم ڕێنماییانە پێشنیار دەکەن:
  • خۆراکی تەندروست : کەمکردنەوەی چەورییە تێربووەکان (Trans fats و Saturated fats)، خوێ و شەکر. خواردنی سەوزە، میوە، دانەوێڵە تەواوەکان و ماسی.
  • جووڵە و ڕاهێنان : لانیکەم ١٥٠ خولەک لە چالاکیی جەستەیی مامناوەند لە هەفتەیەکدا (وەک پیادەڕۆیی خێرا).
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرە : جگەرە کشاندن زیانی گەورە بە دیواری ڕەگە خوێنییەکان دەگەیەنێت و مەترسیی جەڵتەی دڵ زیاد دەکات.
  • کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری خوێن و شەکرە : گوشاری بەرزی خوێن و نەخۆشی شەکرە زیانی ڕاستەوخۆ بە مووڕەگ و سوورڕەگەکان دەگەیەنن.
  • بەڕێوەبردنی سترێس : سترێسی درێژخایەن دەتوانێت کاریگەری خراپ لەسەر ڕیتمی دڵ و گوشاری خوێن دابنێت.



هاوبەشکردن