ئیسنەک
پێداویستییەکان
مایکرۆڤێو یان گازی فێڕدار
٣٥٠ تا ٤٠٠ گرام سۆسیس
سۆسی سپی و سوور هەر یەکێکیان سەد گرام بۆ ڕازاندنەوەی سەری ئیسنەک
نیو کیلۆ پەنیری پیتزای ڕەندکراو (چوار قاپی ماستخواردن)
یەک پاکەتی گەورە نانی تۆستی چوارگۆشە (٢٢ دانە نان یان ٨٠٠ گرام)
یەک فینجان ڕۆن (سەد گرام)
نیو کیلۆ گۆشتی چەرخکراو (دوو قاپی ماستخواردن)
یەک قوتوی نیو کیلۆیی کۆنسێرڤی نوکفەرەنگی
خاکەی جاترە بە پێی ئارەزوو
دوو دانە پیوازی مامناوەند (٢٠٠ گرام)
چوار کەچکی خواردن ڕوبی تەماتە (١٥٠ گرام)
بەم بڕە پێداویستییە، بە قەبارەی یازدە دانە «ئیسنەک»مان دەبێت.
شێوازی لێنان
دوو دانە پیواز لە یەک فینجان ڕۆندا سووردەکەینەوە، کەمێک زەردەچێوەی لێ زیاد دەکەین. 4 کەچک ڕوبی تەماتە لێی زیاد دەکەین و کەمێکی سووردەکەینەوە، پاشان گۆشتی چەرخکراو و کۆنسێرڤی نوکفەرەنگی لێ زیاد دەکەین تا مایەی گۆشت ئامادە بێت. باشترە تاوەکە کەمێک لار بکەین تا ڕۆنەکەی جیا بێتەوە و مایەی گۆشتی بێ ڕۆن بەکار بێنین.
نانی تۆست لە کەشەفەکەدا دادەنێین، کەمێک پەنیری پیتزا و پاشان مایەی گۆشتی لەسەری ڕۆدەکەین. پاشان سۆسیسە وردکراوەکان لەسەری ڕیز دەکەین و لە کۆتاییدا کەمێکی دیکە پەنیری پیتزا لەسەری دەپڕژێنین.
دووبارە نانی تۆست لەسەری دادەنێین و بە سۆسی سوور و سپی سەرەکەی دەڕازێنینەوە. لە کۆتاییدا کەمێک خاکەی جاترە بەسەر سۆسەکان دادەکەین.
ئیسنەکەکان لە مایکرۆڤێیو (بە فەرمانی خۆکاری پێژانی پیتزا) دادەنێین تا پەنیرەکەی بتوێتەوە و ئیسنەکەکە بپژێت. لە دروستکردنی ئیسنەکدا، لە جیاتی مایکرۆڤێیو دەکرێت لە فێڕیش کەڵک وەربگیرێت. پێژانی ئیسنەک تەنیا ئەوەندە دەبێت بخایەنێت کە پەنیرەکەی بتوێتەوە.
ئیسنەکە پێژاوەکان، دوای ئەوەی کەمێک ساردبوونەوە ئامادەی پێشکەشکردنن.
نۆشی گیان!
بارکردنی سەرنجەکان...