ئیبراهیم خەیات

ئیبراهیم خەیات

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/09/14 (بەڕۆژکرا: 2026/11/22)
بینین: 42
کاتی خوێندن: 1 خولەک


ئیبراهیم خەیات


ناوی «ئیبراهیم محەمەد مستەفا»یە و لە ساڵی ١٩٣١ی زایینی لە بنەماڵەیەکی هەژاری شاری سلێمانی لە دایکبووه، تەمەن یەک ساڵان بووه کە باوکی کۆچی دوایی کردووه، لە تەمەنی شەش ساڵیدا چۆتە قوتابخانه و دواتر لەبەر هەژاری دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و لای وەستا تۆفیقی برای بۆتە شاگرد خەیات. ئیبراهیم خەیات لە ساڵی ١٩٥٦ خێزان پێك دێنی و دەبێتە باوکی چوار کوڕ و پێنچ کچ.

لەسەردەمی لاویدا بووە بە ئەندامی تیپی مۆسیقای مەولەوی و چەندین بەرهەمی لەگەڵدا ئامادەکردوون. دواتر بووە بە ئەندامی تیپی موزیکی سلێمانی. هە روە ها لە ساڵەکانی  ١٩٦٠ بەدوادا لە رادیۆ بەغداد چەندین گۆرانی تۆمارکردووە لەوانەش: «بۆ رەنجەڕۆت کردم، ئیستعماری گەڕ، حیلفی بەغداد، تۆ جوانتری لە گوڵ و خۆشم ئەوێی وڵاتەکەم.»


گۆرانییەکانی ئیبراهیم خەیات تەنیا شوێنی لەسەر خەڵک دانەناوە، بەڵکو بووە بەهەوێنی خوڵقاندنی گەلێک بەهرەی دیکە لەنێو خێزانەکەیدا، بۆ وێنە «گۆران ئیبراهیم» بە ژەنینی ڤیۆلین،
«ژیان ئیبراهیم» بە شانۆگەریی، «جیهان ئیبراهیم» و «کیژان ئیبراهیم» دوو دەنگی جیاواز لە گۆرانیدا، «سۆران» قوتابییەکی باشی «گۆران ئیبراهیم»ـە و پەنجەیەکی شیرینی هەیە.
لەناوەرڕاستی هەشتاکاندا کە گۆرانی «ئێمەن گیانێکین»ی تۆمار کرد لەتەلەفزیۆنی کەرکوکدا بڵاوکراوە.
ئیبراهم خەیات زیاتر لە 100 گۆرانی پێشکەشی گەلی کورد کردووه کە دوایین بەرهەمی بەناوی «سەرنج» لە ساڵی ٢٠٠٠دا پێشکەش کرد. هەروەها دوو مەقام و گۆرانییەکی پێشوویی نوێکردەوه، ئەوانەش «ست فاتمە، دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە و بەهار.»
نموونە گۆرانییەکی ئیبراهیم خەیات: «ئێمە گیانێکین»


ئیبراهیم خەیات ساڵی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کرد و له گردی سەیوان نێژرا.



هاوبەشکردن