مه‌وله‌وی
مه‌وله‌وی شاعیری ناوداری كورد له ساڵی 1806ی زایینی له‌دێی "سه‌رشانه"ی سه‌ر به‌ناوچه‌ی تاوه‌گۆزی له خێزانێكی باوه‌ڕدار له دایك بووه.
مه‌وله‌وی، ناوی سه‌ید عه‌بدولڕه‌حیمی كوڕی مه‌لا سه‌عیدی تاوه‌گۆزییه. له‌جیهانی شێعردا مه‌وله‌وی خۆی به به‌مه‌عدووم ناساندووه و له‌ناو خه‌ڵكیشدا به مه‌وله‌وی ناسراوه. له سه‌ره‌تادا مه‌وله‌وی له حوجره‌كه‌ی باوكی ده‌ست ده‌كات به خوێندن و دواتریش بۆ درێژه پێدان به خوێندنه‌كه‌ی ڕوو له خوێندنگه به‌ناو بانگه‌كانی ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان و بابان ده‌كات.
پاشان چۆته سلێمانی و له لای مه‌لا عه‌بدولڕه‌حمانی نۆتشه‌ییدا خوێندنی ته‌واو كردووه‌و مۆڵه‌تی وانه کوتنه‌وه‌ی وه‌رگرتووه. دیسان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌ڵه‌بجه و دواتریش له سه‌رشانه خۆی به‌مه‌لایه‌تی و پێگه‌یاندنی قوتابیان و نووسینه‌وه خه‌ریك كردووه. مه‌وله‌وی جگه له زمانی زگماكی خۆی، زمانی عه‌ڕه‌بی و فارسیشی باش زانیوه و به هه‌ردوو زمان شێعری نووسیوه.
دیوانه شێعره‌كه‌ی به زاراوه‌ی "هه‌ورامی"یه و شێعره‌كانی پایه‌یێكی به‌رزیان هه‌یه له نێو شێعر و ئه‌ده‌بی كوردیدا. مه‌وله‌وی به‌شی زۆری ته‌مه‌نی به هه‌ژاری به‌سه‌ربردووه، ئه‌و كاته‌ی له سه‌ره‌تای خوێندندا بووه باوكی مردووه، ناچار بۆ به‌خێوكردنی خوشك و براكانی وازی له خوێندن هێناوه بۆ ماوه‌یه‌ك و پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر خوێندنه‌كه‌ی.
عه‌نبه‌رخاتوونی هاوسه‌ری حه‌وت ساڵ به‌ر له كۆچی دوایی مه‌وله‌وی، مردووه. ئه‌مه‌ش كاره‌ساتێكی گه‌وره بووه و كاریگه‌ری زۆری کردۆته سه‌ر شێعره‌كانی مه‌وله‌وی. مه‌وله‌وی له دوا ساڵه‌كانی ژیانیدا كوێر بووه و ئه‌مه‌ش كاری زۆر كردۆته‌سه‌ر ده‌روونی و له‌چه‌ند پارچه شێعردا ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها كاره‌ساتێكی دیكه‌ش كه به‌سه‌ر مه‌وله‌ویدا هاتووه، سووتانی كتێبخانه‌كه‌ی بووه و گومانیش له‌وه‌دا نیه كه به‌شێك له كار و به‌رهه‌مه‌كانی تێیدا سووتاوه. مه‌وله‌وی له‌ساڵی 1882 له‌ته‌مه‌نی 76 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووه و هه‌ر له گونده‌كه‌ی خۆی، له سه‌رشانه نێژراوه.