پیاسه‌یێک که له‌بیر ناکرێت

نووسەر: لاجان
0
1 489

 

وه‌رگێڕاو له فارسییه‌وه: قه‌ندیل

کابرایێک به ناوی پۆل ئۆتۆمبێلێکی به دیاری له لایه‌ن برا گه‌وره‌که‌ی که زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، پێ گه‌یشتبوو. شه‌وی جه‌ژنی کریسمه‌س که پۆل له‌و کۆمپانیایه‌ی که کاری لێ ده‌کرد، هاته‌ده‌ر کوڕێکی بینی که له ده‌وری ئۆتۆمبێله‌ نوێ و بریقه‌داره‌که‌ی ده‌خولاوه و پێی هه‌ڵده‌گوت. کاتێک پۆل گه‌یشته ئۆتۆمبێله‌که، کوڕه‌که پرسی: "کاکه، ئه‌و ئۆتۆمبێله هی ئێوه‌یه؟"
پۆل گوتی: "به‌ڵێ، کاکم به دیاری بۆی کڕیوم." کوڕه‌که به سه‌رسوڕمانه‌وه گوتی: "مه‌به‌ستت ئه‌مه‌یه که کاکت هه‌ر ئاوا، بێ ئه‌وه‌یکه پاره‌ت لێ بسێنێ، داویه به تۆ؟! ئه‌ی گیان بریا"... پۆل زوو بیری له‌وه کرده‌وه که کوڕه‌که ده‌ڵێ بریا منیش برایه‌کی ئاوام هه‌بایه. به‌ڵام ئه‌وه‌یکه کوڕه‌که گوتی، ته‌زوویێکی به له‌شی پۆل‌دا هێنا:

"بریا منیش برایێکی ئاوا بام!"

پۆل به سه‌رسوڕمانه‌وه چاوی له کوڕه‌که کرد و پرسی: "پێت خۆشه پیاسه‌یێکی پێ بکه‌ین؟"

-"ئای، به‌ڵێ، زۆرم پێ خۆشه!"
تازه وه‌ڕێکه‌تبوون که کوڕه‌که چاوی له پۆل کرد و به چاوانێک که له خۆشحاڵییه‌وه بریقه‌ی ده‌هات گوتی: "کاکه ده‌کرێ بچییه لای ماڵی ئێمه؟"

پۆل بزه‌یێک هاتێ. بیری کرده‌وه که کوڕه‌که ده‌یهه‌وێ به دراوسێکانیان پێشان دات که سواری چ ئۆتۆمبێلێکی جوان بووه. به‌ڵام ئه‌مجاریش هه‌ڵه‌ بوو. کوڕه‌که ماڵێکی پێشاندا و گوتی: "له لای ئه‌و دوو پله‌یه رایگره."

کوڕه‌که دابه‌زی و هه‌ڵاته‌وه بۆ ناو ماڵێ. ماوه‌یێکی وا تێنه‌په‌ڕی که پۆل ده‌نگی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وی بیست، به‌ڵام ئه‌وجار له‌سه‌ره‌خۆ ده‌ڕۆیی. ئه‌و برا چکۆله و که‌م ئه‌ندامه‌که‌ی به پشتێ ده‌هێنا. ئه‌وی له‌سه‌ر پله‌ی خوارێ دانا و ئاماژه‌ی به ئۆتۆمبێله‌که کرد:

"ئه‌وه‌تا، جیمی، ده‌یبینی؟ دروست ئه‌و جۆره‌ی پێم گوتی. براکه‌ی جه‌ژنانه داویه‌تێ و هیچ پاره‌یێکیشی لێوه‌رنه‌گرتووه. رۆژێک دادێت که منیش ئۆتۆمبێلێکی ئاوات ده‌ده‌مێ... ئه‌وده‌م ده‌توانیت بۆخۆت سواری بیت و ئه‌و شته جوانانه‌ی ناو دوکانه‌کانی شه‌وی جه‌ژن، ئه‌و جۆره‌ی که هه‌میشه بۆم باس کردووی، ببینی."

پۆل فرمێسکی گۆشه‌ی چاوه‌کانی سڕییه‌وه و دابه‌زی و کوڕه‌ چکۆله‌که‌ی هه‌ڵگرت و له پێش ئۆتۆمبێلی دانا. برا گه‌وره‌که‌شی به چاوانی بریقه‌داره‌وه، له لای دانیشت و سێ‌قۆڵی رۆیشتن بۆ پیاسه‌یێک له شه‌وی جه‌ژن‌دا که هیچیان له‌بیری ناکه‌ن.

سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە