زەڕەی کەر
کەرێک و وشترێک بە ڕێگایەکدا دەڕۆیشتن. لەپڕڕا چاویان بە کاروانێک کەوت کە بەرەوڕوویان دەهات. لەترسی ئەوەیکە کاروانچییەکان نەیانگرن و بۆ باربردنیان نەبەن، چوونە بن پردێک و خۆیان شاردەوە. وشتر بە دەنگێکی نزم کوتی: "کەرە گیان بێ دەنگ بە و هیچ قسان مەکە تا کاروان تێدەپەڕێ!" کەر بە نیشانەی قبوڵکردن سەری بزاوت.
پاش چەن خولەکێک کاروان گەیشتە سەر پردەکە. کەر کوتی: "ئەرێ چبکەم؟ زەڕەم دێ!" وشتر وڵامی داوە: "کەر! جارێ بێدەنگ بە! ئێستا کاتی زەڕاندن نییە!" کەر خۆی بۆ ڕانەوەستا و زاری داپچڕی و دەستی کرد بە زەڕەزەڕ. کاروانچییەکان بە دەنگییەوە هاتن و هەردووکیان گرتن. بارێکی زۆریان لەسەر پشتیان دانان و وەڕێکەوتنەوە. ڕۆیشتن و ڕۆیشتن. هەردووکیان ماندوو ببوون.
کاتێک لە تەپکەیێک وەسەر دەکەوتن، کەر چۆکی فیزان و کەوتە سەر ئەرز. کاروانچییەکان کەرەکەیان بە بارەوە لەسەر پشتی وشتر دانا و توند بەستیان. وشتر کە لە خەفەتان خەریک بوو شێت ببێت. کوتی : "ئاخە کەر! مەگەر پێم نەکوتی ئێستا کاتی زەڕاندن نییە؟! چاو ئێستا چمان لێهاتووە!"
کەر کە ئێستا جێگای خۆش ببوو، وڵامی داوە: "جا بڵێم چی؟ زەڕەم دەهات ئیدی!!"
کاتێک کە گەیشتنە سەر تەپکەکە و سەربەرەژێر بۆ خوارێ ڕۆیشتن، وشتر بەو هەمووە بارەوە هەر بۆ خوارێ ڕادەدرا. لەو کاتەدا وشتر کوتی: "کەر! جا ئێستا منیش لۆقم دێت!"
کەر پرسی: "یانی چی؟!"
وشتر کوتی: "یانی دەمەوێ غاردەم!"
کەر چاوی زەق بوون و پاڕاوە. بەڵام وشتر کە زۆر لە دەست کەر ناڕەحەت بوو، دەستی کرد بە غار دان و پاش چەن چرکەیێک لاقی تيکهاڵان و بەربۆوە. چەند سەرمەقولاتێکی دان و لە پەنا بەردێک گیرساوە. کەر کە هەر لە سەرەتای بەربوونەوەی وشتردا پەڕیبوو، سەری وە بەردێک کەوتبوو و تۆپیبوو. کاروانچییکان کە دیتیان وشتر بێحاڵە و چیدی ناتوانێ باریان بۆ ببات، بارەکانیان خڕ کردەوە و وەڕێکەوتن و وشتریان بەجێێشت.