قالۆچەی ڕیخ

نووسەر: لاجان
0
1 592

 ڕۆژێک کە هەوا زۆر گەرم بوو، کابرایەک بە مەزرایەکدا تێدەپەڕی. چاوی بە قالۆچەڕیخێکی کەوت کە تۆپەڵەڕیخێکی دەبرد. سەری هەڵێنا و لە حاڵێکدا کە چاوی لە ئاسمان دەکرد، کوتی: "خوایە ئاخر مەبەستت لە چاککردنی ئەو قالۆچەیە چ بووە؟! ئاخر ئەوە چ قازانج و حیکمەتێکی هەیە و بە کەلکی چ دێت؟!"

***

چەند مانگێک تێپەڕی. کابرا ماوەیێک بوو تووشی نەخۆشییەک ببوو کە بە هیچ حەکیم و تەبیبێک چارەسەر نەدەکرا. ڕۆژ بە ڕۆژ حاڵی خراپتر دەبوو. تا ڕۆژێک نەفەرێک پێی کوت: "لە فڵان گوندە پیرەپیاوێکی لێیە دەرمانی سروشتی و گیایی چاکدەکات. سەردانێکی بکە، بەڵکوو چارەسەری نەخۆشییەکەت بکات."

کابرا لە تاو نەخۆشییەکەی هەر ئەوێ ڕۆژێ وەڕێکەوت و چووە لای پیرەپیاوەکە. کاتێک بارودۆخی نەخۆشییەکەی و ئەو دەرمانانەی بەکاری هێنابوو، بۆ پیرە پیاوەکە گێڕاوە، ئەویش کوتی: "قالۆچەی ڕیخت دیتووە؟ دەبێ چەند دانە لەو تۆپەڵەڕیخانەی لە هێلانەکەیدا هەیە، بێنی و رۆژی دەنکێکی بخۆی!"

کابرا حەبەسا. زۆری پێ سەیر بوو. بەڵام پیرە پیاو زۆر جەختی لەسەر کرد و ئەویش لە ناچاری ڕۆیی و دەستوورەکەی بەجێهێنا. ماوەیەکی کورت تێپەڕی و کابرا لە نەخۆشییەکەی چاک بۆوە.

***

ساڵی دواتر سەفەرێک بۆ کابرا هاتە پێش و بە کەشتی ڕۆیی بۆ ناو دەریا. ڕۆژێک بارانێکی زۆر باری و تۆفانێکی گەورە دەستی پێکرد. کەشتی وەک لانکی منداڵ ڕادەژا. هەر کەسە بۆ لایەکی ڕایدەکرد. ئی وا بوو هەرای دەکرد: "ئەوە غەزەبی خوایە!" هێندێکیش دەیانکوت: "ئاخر ئەوە چ بەڵایێکە بەسەرمان دێت؟!" بەو جۆرە هەر کەسە و گلەییەکی هەبوو. یەکێک لە کابراکەی پرسی: "کاکە ئەرێ بۆ ئەتۆ هیچ ناڵێی و هەر بە بێ دەنگی دانیشتووی و سەیرمان دەکەی؟!"

کابرا کوتی: "وەڵا کاکە ئەمن جارێک هەڵەیێکم کرد، ڕیخی دەرخوارد دام، دەترسم ئەوجار شتێکی بڵێم گووم دەرخوارد دات!!!"

سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە