به‌ختی نوستوو
رۆژگارێکی دوور کابرایێک هه‌بوو که هه‌میشه له ژیانی خۆی گله‌یی ده‌کرد و ده‌یکوت: "به‌ختم نوستووه و هه‌تا وه‌خه‌به‌ر نه‌یه‌ت، ژیانم باشتر نابێت".
پیرێکی زانا ئامۆژگاری کرد تا بۆ هه‌ڵستاندنی به‌ختی خۆی بچێته وڵاتێکی زۆر دوور که جادووکارێکی به توانای لێیه. کابرا که‌م رۆیی، زۆر رۆیی تا له دارستانێکدا تووشی گورگێک هات. لێی پرسی: "ئه‌وه بۆ کوێ ده‌ڕۆی؟" کابرا وڵامی داوه: "ده‌چمه لای جادووکاری زانا تا به‌ختم هه‌لسێنێت!" گورگ کوتی: "ده‌کرێ لێی بپرسی بۆچی ئه‌من هه‌میشه ژانه‌سه‌رم لێیه؟" کابرا قه‌بووڵی کرد و رێگای درێژه پێدا. رۆیی رۆیی تا گه‌یشته مه‌زرایێکی گه‌وره که وه‌رزێڕێک به ماندوویه‌تی تێیدا کاری ده‌کرد. وه‌رزێڕ پرسی: "ئه‌وه بۆ کوێ ده‌ڕۆی؟" کوتی: " ده‌چمه لای جادووکاری زانا تا به‌ختم هه‌لسێنێت!" وه‌رزێڕ کوتی : "ده‌کرێ لێی بپرسی بۆچی باوکم کوتویه‌تی ئه‌و زه‌وییه نه‌فرۆشم، که چی هه‌رچه‌ند تێیدا کار ده‌که‌م، گیای لێ ناروێت و به‌رهه‌می نابێت؟" کابرا قه‌بووڵی کرد و وه‌ڕێکه‌وته‌وه.
رۆیی رۆیی تا گه‌یشته شارێک که سه‌ربازان تێیدا ده‌هاتن و ده‌چوون و هاڵۆز بوون. کابرایان گرت و بردیان بۆ لای پاشا. پاشا پرسی: "ئه‌وه بۆ کوێ ده‌ڕۆی؟" کوتی: " ده‌چمه لای جادووکاری زانا تا به‌ختم هه‌لسێنێت!" پاشا کوتی : "ده‌کرێ لێی بپرسی بۆچی من هه‌میشه له ترسی دوژمنان خه‌و و خواردنم دیار نییه و سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ماڵێکی زۆر هێشتا حه‌سانه‌وه‌مان نییه؟" کابرا قه‌بووڵی کرد و رۆیشت. رۆیی رۆیی تا گه‌یشته لای جادووکاره‌که و هه‌موو به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ گێڕاوه. جادووکار کوتی: "ئه‌وڕۆ به‌ختی تۆ هه‌ستاوه" و پاشان هه‌موو نهێنی و رێنوێنیی پێویستی بۆ پرسیاره‌کانی کابرا درکاند.
کابرا به به‌ختی هه‌ڵساوه‌وه گه‌ڕاوه... به پاشای شاره‌که‌ی کوت: "ئه‌تۆ نهێنییه‌کت هه‌یه که ترسی ئاشکرا بوونی ئازارت ده‌دات، له‌گه‌ڵ گه‌لی خۆت یه‌ک‌ره‌نگ نه‌بوویه، له شه‌ڕه‌کانی وڵاته‌که‌تدا به‌شداریت نه‌کردووه، چونکه ئه‌تۆ ژنی و خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته ژنان به پاشا ناناسن، ترسی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات ئازارت ده‌دات. چاره‌ی کاری تۆ زه‌ماوه‌نده، ده‌بێ کابرایه‌ک به هاوسه‌ر بگریت تا خه‌مڕه‌وێن و هاوڕازت بێت، له شه‌ڕه‌کاندا فه‌رمان بدات و بێ ترس دوژمنان رادات."
پاشا بیری کرده‌وه و کوتی :"ئێستا که تۆ نهێنیی منت زانیوه له‌گه‌ڵم ببه به هاوسه‌ر تا به یێکه‌وه وڵات ئاوه‌دان بکه‌ینه‌وه!"
کابرا پێکه‌نی و کوتی: "تازه به‌ختم هه‌ستاوه، ناتوانم خۆم به تۆوه به‌ند که‌م، ده‌بێ بڕۆم و به‌ختم تاقیکه‌م، ده‌مه‌وێ بزانم چی بۆ ئاماده کردووم!" و رۆیی ...
به وه‌رزێڕی کوت: "وه‌سیه‌تی باوکت راست بووه، ده‌بێ له بن زه‌وییه‌که به دووای داهاتدا بگه‌ڕێی، خه‌زێنه‌یێک له‌ژێر زه‌وییه‌که‌تدا هه‌یه که خۆت و حه‌وت پشتت پێی خه‌نی ده‌بن."
وه‌رزێڕ کوتی: "جا که وابێ ئه‌تۆش له‌و خه‌زێنه‌دا هاوبه‌شی، وه‌ره پێکه‌وه ده‌ریهێنین!"
کابرا پێکه‌نی و کوتی: "تازه به‌ختم هه‌ستاوه، ناتوانم خۆم به خه‌زێنه‌ی تۆوه به‌ند که‌م، ده‌بێ بڕۆم و به‌ختم تاقیکه‌م، ده‌مه‌وێ بزانم چی بۆ ئاماده کردووم!" و رۆیی ...
ئه‌وجار گه‌یشته گورگه‌که و ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ گێڕاوه و کوتی: "چاره‌ی ژانه‌سه‌ری تۆ ئه‌وه‌یه که مێشکی مرۆڤێکی گێل و نه‌زان بخۆی تا چاک بییه‌وه!"
گورگ تاوی دایه و کوشتی و مێشکی خوارد و کوتی: "له تۆ گێلترم وه‌ده‌ست ناکه‌وێت!"