مامۆستا هەژار: لاجان

نووسەر: لاجان
0
2 188

 

لاجان
دەشتی لاجانێ، بەهەشتی پێشووم
هونەرم گەر بێ، لەوێ ڕا تێشووم
ئێرە بوو لانکی یەکەم دڵداریم
لێرە هەڵبوو سەرەتای خەمباریم
چاوی کارمامزێ خستیمیە کەمەند
نازی پێدام و دڵ و هۆشمی سەند
هێندە فرمێسکە لەوێ ڕشتوومە
هێندێ لەو ڕازە لەوێ ناشتوومە
بێتەدەر، گۆلە لە خوێناو پڕ خوێ
بێتەبەر، دڕک و گوڵی لێ دەڕوێ!
چاوی من بوو بە درێژیی شەوگار
ملەبارانی دەگەڵ هەوری بەهار
ڕادەمان دیدەکەم و ئەستێرە
کامی زۆرتر بە خەوی کەم فێرە
من و پەروانە دەمانکردە گرەو
کێ لە سووتان بەگڕە؟ من یا ئەو
گڕ و یار کێیە لە کێ جوان چاکتر
شۆقی یار دەرکەوت ڕووناکتر
ژینی شادیم لە ژوانگەی نێژرا
بە بژانگم گڵەکەی دابێژرا
بە بزەی لێو تەمەنی لاویم کوشت
بۆ ڕوانین، بە زووخاو چاوم ڕشت
نرخی ماچێکی دڵ و دینم دا
ئەمە چەرخی بە هەموو ژینم دا
گەرچی نازدار و هەژار ڕێک نەدەهات
مەخمەر و کۆنەدەوار لێک نەدەهات
ئەوی من پێم گەیی دیسان زۆرە
بەخششی دەستی ئەوین چەند جۆرە
تووشی دەردی دڵی دڵداران بووم
شیاوی ناو کۆمەڵی خەمباران بووم
چاوی هەر سوورم و ڕەنگی زەردم
دڵی وا گەرم و هەناسەر سەردم
بیری سەرشێت و سەری شێواوم
چم نەبوو، پاکی ئەوین پێی داوم
گەنج و سامانی هەژاریم کە هەیە
سوودی سەودای سەری ئەو سەردەمەیە
شەوەکەی کورتە، دەبا واز بێنین
دڵی هار چیدی نەهارووژێنین
هەژار

لقی بابەت :  هونەر / هۆنراوە
سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە