مامۆستا سه‌ی یاقۆ
سه‌ید یه‌عقووب كوڕی سه‌ید وه‌یسی له‌ساڵی 1802ی زایینی له‌گوندی قه‌مه‌شه‌ی ناوچه‌ی ماهیده‌شتی كرما‌شان له‌دایك بووه، به‌بنه‌ماڵه‌ده‌چنه‌وه‌سه‌ر سه‌یدانی سامره‌یی و له‌قه‌مه‌شه ده‌ژین و له‌هۆزی كه‌لهوڕن.
خوێندنی له‌سه‌ر ڕێنووسی ئایینی كۆن بووه، له‌سه‌ره‌تای ژیانیدا هه‌وڵیداوه ببێ به میرزا، واته خوێنده‌واری ئه‌و سه‌رده‌مه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌ری له كرما‌شان داوه، ڕێی كه‌وتۆته كرند و بێستوون، گه‌شتی تاران و قوم و شیرازی کردووه.
ده‌نگوباسی خوێنده‌واری و شێعری سه‌ید یه‌عقووب گه‌یشتۆته دیوه‌خانی ئیمام قولی میرزا عیمادوده‌وله‌ی كوڕی ده‌وڵه‌ت شا، ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بووه، به‌هۆی ئه‌و خانه‌واده‌یه‌وه گه‌یشتۆته مامه محه‌مه‌د حه‌سه‌ن خانی فه‌رمانڕه‌وای كه‌لهوڕ وه‌ك نووسه‌ری ( (سكرتێری) دیوه‌خان له‌ساڵی 1831 له‌وێ دامه‌زراوه، تا دوایی ژیانی له‌و ماڵه گه‌وره‌یه ماوه‌ته‌وه.
سه‌ید یه‌عقووب ڕۆشنبیری چاكی سه‌رده‌می خۆی بووه، به خه‌ت‌خۆشی ناوبانگی ده‌ركردووه، له زانستی مۆسیقا و به‌كارهێنانی ئامێری ته‌نبوور هاوتای كه‌م بووه، شاره‌زایی زۆری بووه له ئاوازی مه‌قامه‌كان به‌تایبه‌تی ترپه‌ی هۆره، گه‌شتوگوزار و سه‌یران و ڕاوی پێ خۆش بووه.له سوارچاكیدا ناوی ده‌ركردووه، له وڵاتانی لوڕ و كه‌لهوڕ و به‌ختیاری ناسراو بووه، ده‌نگ هه‌یه گۆیا ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ یارسانان ( (ئه‌هلی حه‌ق) په‌یدا كردووه، له‌و سه‌رده‌مانه‌ی كه‌سه‌ری له كرند داوه.
هه‌ندێ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن چووبێته سه‌ر ئایینی یارسان، له شێعریدا شوێنه‌واری ئه‌م ئایینه به‌رچاو ناوكه‌وێ، وا ده‌گێڕنه‌وه سه‌ید یه‌عقووب هه‌ندێ جار كه تووشی باری عیشق و ڕاكێشانی سۆفیزم ده‌بوو به‌سه‌ر وڵاغه‌وه غارغارێن و جلیتبازی ده‌كرد و هۆره‌ی ده‌چڕی.
نازناوی شێعری سه‌ید یه‌عقووب، "سه‌یید"ه، هه‌ندێ جاریش "سه‌ی یاقۆ"ی به‌كارهێناوه، له‌به‌ر ئه‌وه له‌ژیانی شاعیریدا به"سه‌ی یاقۆ"ش ناسراوه، له‌ناو خه‌ڵكی به‌سه‌ید یه‌عقووبی ماهیده‌شتی ناوبانگی ده‌ركردووه. شاعیر له‌ساڵی 1881 كۆچی دوایی كردووه و ته‌رمه‌كه‌ی براوه‌ته‌وه ئاوایی قه‌مه‌شه و له‌وێ نێژراوه.