مامۆستا حه‌مدی
ناوى ته‌واوى «ئه‌حمه‌د به‌گ»ه و نازناوی شێعرى «حه‌مدى»یه و كوڕِى فه‌تاح به‌گى حاجى ئیبراهیم به‌گى مه‌حمود به‌گى ساحێبقرانه. له‌ساڵى 1878 له‌شارى سلێمانى هاتۆته دنیاوه، بۆ ئه‌م مێژووه‌ش باپیرى پارچه هه‌ڵبه‌ستێكى داناوه...
حه‌مدى شاعیر، هه‌ر له منداڵییه‌وه ده‌ستى به خوێندن كردووه له قوتابخانه‌ى سه‌ره‌تایى ڕِوشدییه‌ى سه‌ربازى و له مزگه‌وته‌كانى شارى سلێمانى خوێندوویه‌تى و تا دوا قۆناغى ئه‌وكاتى خوێندنه‌كه‌ى هه‌ر یه‌كه‌م بووه. جێگه‌ى باس كردنه شاعیرى به‌ناوبانگ «مسته‌فا به‌گى كوردى» مامى بووه و «ئه‌وڕه‌حمان به‌گى سالم» ئامۆزاى باوكى بووه، بۆیه ڕِه‌نگه حه‌مدیش به هۆى كاریگه‌رى ئه‌وانه‌وه بووبێته ئه‌و شۆرِه سواره‌ى شێعرى كوردى. به‌پێى سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، حه‌مدى یه‌كه‌م شێعرى له‌ساڵى 1892 داناوه و ئه‌وكات ته‌مه‌نى 14 ساڵان بووه. حه‌مدى له‌ساڵى 1936 به‌هۆى نه‌خۆشى دڵه‌وه كۆچى دوایى کرد و له گردى سه‌یوان به خاك ئه‌سپێردرا.