کاتێکی تایبه‌ت

نووسەر: لاجان
0
1 820

 دره‌نگانێکی کابرا له کارڕا گه‌ڕاوه بۆ ماڵێ، ماندوو و شه‌که‌ت، له‌به‌ر ده‌رگا کوڕه پێنج ساڵه‌که‌ی که چاوه‌ڕوانی بوو، کوتی:

- سڵاو بابه گیان، پرسیارێکت لێبکه‌م؟

- ئه‌دی بابه، چ پرسیارێک؟

- بابه! ئه‌تۆ، بۆ هه‌ر کاتژمێر کار چه‌ند پاره‌ی وه‌رده‌گری؟

باوکی به ناڕه‌حه‌تی وڵامی داوه:

- ئه‌وه په‌یوه‌ندی به تۆوه نییه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌پرسی؟

- هه‌ر ده‌مه‌وێ بزانم.

- باشه که وابوو بزانه، 20 دۆڵار!

کوڕه سه‌ری داخست و ئاخێکی هه‌ڵکێشا. دوایه چاوێکی له باوکی کرد و کوتی:

- ده‌کرێ 10 دۆڵارم بده‌یه‌ی؟

- ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له‌و پرسیارانه هه‌ر ئه‌وه بوو تا بۆ کڕینی یارییه‌ک پاره‌م لێوه‌رگری، هه‌ڵه‌ت کردووه. بڕۆوه بۆ دیوی خۆت. تۆ بۆ هێنده له خۆبایی و ناجسنی؟ نازانی من ماندووم و بۆ ئه‌و ئاکاره منداڵانه‌ت کاتم نییه؟

- کوڕه به ئه‌سپایی چۆوه دیوه‌که‌ی و ده‌رکه‌‌ی پێوه‌دا.

کابرا ده‌ستی کرد به بۆڵه‌بۆڵ: منداڵی ئێستا چه‌ند ناحاڵییه چ پرسیارێک ده‌کات...

پاش کاتژمێرێک کابرا ئارام بۆوه و له‌به‌رخۆیه‌وه کوتی له‌وانه‌یه به توندی له‌گه‌ڵ کوڕه چکۆله‌که‌ی دوابێ. به‌شکه‌م شتێکی پێویسته که داوای 10 دۆڵاری کردووه. خۆ که‌م واهه‌بووه داوای پاره له باوکی بکات.

کابرا چووه لای دیوی کوڕه‌که‌ی و ده‌رکه‌ی کرده‌وه.

- نوستووی کوڕم؟

- نا بابه، هه‌ر درێژ بوومه.

- من بیرم کرده‌وه که له‌وانه‌یه به‌توندی له‌گه‌ڵت دوابم. ئه‌وڕۆ کارم زۆر بوو و زیاتر ماندوو بوومه و شانه‌که‌شم ده سه‌ری تۆدا شکاند. ها ئه‌و 10 دۆڵاره‌ی ده‌تهه‌ویست.

کوڕه پاره‌که‌ی وه‌رگرت و ده‌ستی له‌بن سه‌نیره‌که‌ی ڕۆکرد و چه‌ند پاره‌یێکی‌تری ده‌رهێنا. کابرا که دیتی کوڕه‌که‌ی پاره‌ی هه‌بووه، دیسان هه‌ڵچوو و به‌سه‌ریدا گوڕڕاند:

- ئه‌تۆ که پاره‌ت هه‌بۆو، بۆچی دووباره داوات له‌من کرد؟

- چونکه پاره‌که‌م ته‌واو نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا من 20 دۆڵارم هه‌یه. ئه‌رێ ده‌توانم یه‌ک کاتژمێر له کاره‌که‌ی سبه‌ینێت بکڕم تا زووتر بێیه‌وه ماڵێ؟ ئاخر ئه‌من پێم خۆشه هه‌موومان پێکه‌وه نانی بخۆین!!

سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە