مێژووی شارستانی پیرانشار
مێژووی شارستانی پیرانشار
پێشه‌کی
پیرانشار له به‌ش‌به‌ندی حکومه‌تی‌دا یه‌کێکه شاره‌کانی پارێزگای ئازربایجانی رۆژاوا. ئه‌و شارستانه له باشووری رۆژاوای پارێزگادا له‌کن سنوری ئێران و عێراق له ناوچه‌ی دامێنی کێوگه‌لێک که ده‌ڕواننه ده‌شتێکی به‌پێز به ناوی لاجان، هه‌ڵکه‌وتووه. گرینگی شوێنی ئه‌و شارستانه به هۆی سنور و جۆگرافیای تایبه‌ته‌وه، خستویه‌ته بارودۆخێکی هه‌م باش و هه‌م دژوار. که‌لاوه و شوێنه‌واری مێژوویی پێشان‌ده‌ری کۆن بوون و پێشینه‌ی دووری نیشته‌جێ بوون له‌و ناوچه‌دایه. به‌ڵام به‌و هه‌موو شوێنه‌واره مێژووییانه‌وه، هێشتا روونکردنه‌وه‌ی مێژووی ناوچه به هۆی ناته‌واو بوونی به‌ڵگه‌کان، هه‌ڵکۆڵین و ده‌رهێنانی ئاسه‌واره کۆنه‌کان به شێوه‌ی نایاسایی و فرۆشتنیان، سه‌رنج نه‌دانی دروست و به‌جێ به پێشینه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه، هه‌روه‌ها رووخاندنی شوێنه‌واره مێژووییه‌کان به جێی لێکۆڵینه‌وه‌یان، ناسینی و وه‌ده‌رخستنی پێشینه‌ی دژوارتر ده‌کات. به وه‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی‌که تا ئێستا هیچ سه‌رچاوه‌ی بڵاوکراوه به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ و راسته‌وخۆ باسی ئه‌و بابه‌ته‌ی نه‌کردووه، دیتنه‌وه‌ی باسی تایبه‌ت به بابه‌تی ئێمه چه‌توون ده‌کات. به‌ڵام هه‌وڵ دراوه لێره‌دا تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆمان ره‌خساوه، له سه‌رچاوه‌کانی جۆراوجۆر باسه‌کانی مه‌به‌ستمان ده‌رکێشین.
هۆی ناو دانان
ناوی پیرانشار له مێژوودا سێ جار گۆڕاوه. ده‌پێشدا و له زۆر سه‌رچاوه‌ی کۆن‌دا ناوی ‹لاجان› بووه. لاجان ئێستا ده‌شتێکه له باشووری رۆژهه‌ڵات و زۆرتری دانیشتووانی هۆزی مامه‌شن. ئه‌و ناوه دوایه گۆڕا بۆ ‹خانێ› که زۆرتری سه‌رچاوه‌کان هۆی ئه‌و ناو دانانه به واتای کاروان‌خانه له‌به‌ر هه‌بوونی کانیاوی زۆر و نزیکی به سنور و شوێنی تێپه‌ڕینی رێبواران و کاروانچیانێک بووه که بۆ سه‌فه‌ر بۆ عێراق و سووریا و عاره‌بستان بۆ زیاره‌ت و بازرگانی به‌وێدا رۆیشتوون. له ساڵی 1349ی هه‌تاوی‌دا به هۆی نیشته‌جێ بوونی هۆزی پیران، ناوی گۆڕا بۆ ‹پیرانشار›. ئیستاش زۆربه‌ی خه‌ڵک هه‌ر به خانێ ناوی ده‌به‌ن.
پێشینه‌ی مێژوویی
له‌مه‌ڕ مێژووی ناوچه‌ی پیرانشار، ڕا و بۆچوونی زۆر جیاجیا هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لامان روونه ئه‌وه‌یه که شوێنه‌واری به‌جێ‌ماو وه‌ک قه‌ڵا به‌ردینه‌کانی ناوچه‌ی مه‌نگوڕی رۆژاوا، کۆن بوونی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده ده‌گه‌یێنێته هه‌زاره‌ی دووهه‌می پێش زایین. له به‌رده‌نوسی ئاگۆنی دووهه‌م – شای کاسی– له هه‌زاره‌ی دووهه‌می پێش زایین‌دا، هاتووه که په‌یکه‌ری خودایانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان له ‹خانا›ڕا گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ بابل که پێشتر له‌وانه‌یه له لایه‌ن هیتییه‌کانه‌وه دوای تێکڕووخاندنی بابل پاش گه‌ڕانه‌وه له وێیان به‌جێ‌هێشتبێت. لێکۆڵینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌کانی قه‌ڵاتی شا که که‌وتۆته سه‌ر کێوی له‌ندی شێخان – له کێوه به‌رزه‌کانی پیرانشار – ئاشکرا ده‌کات که یه‌که‌م به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و قه‌ڵا گه‌وره و سه‌رسوڕهێنه‌ره له سه‌ره‌تاکانی هه‌زاره‌ی یه‌که‌می پێش زایین‌دا له لایه‌ن هۆزه‌کانی دانیشتووی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا دامه‌زراوه و دوایه له سه‌رده‌می ماده‌کان‌دا په‌ره‌ی پێدراوه. له سه‌ده‌ی 9ی پێش زایین‌دا ناوچه‌ی شارستانی پیرانشاری ئێستا که‌وتبۆ ناو سنوری حکومه‌تی مانناییه‌کان. وڵاتی ماننا به هۆی باری نیزامی و هاوسێیه‌تی له‌گه‌ڵ حکومه‌ته گه‌وره‌کانی ئۆرارتۆ و ئاشوور زۆر جاران له تێکهه‌ڵچوونی نێوان ئه‌و دوو هیزه‌دا ده‌ست به ده‌ست گه‌ڕا. سارگۆنی دووهه‌م (723-705 پێش زایین) له هێرشی هه‌شته‌می خۆی‌دا بۆ ماننا و ئۆرارتۆ به ناوچه‌کانی ئێستای سه‌رده‌شت، پیرانشار و په‌سوێ‌دا گه‌یشته قه‌ڵای ماننایی ‹سینی هینۆ› که وێده‌چێ هه‌ر قه‌ڵای په‌سوێ بێت. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا ئۆللۆسۆنۆ، گه‌وره‌ی ماننایی ئه‌و ناوچه‌یه، له نزیک په‌سوێ له‌سه‌ر ڕێگای مه‌هاباد گه‌یشته خزمه‌ت سارگۆن و هاوکاری خۆی به‌وی راگه‌یاند.
هێندێک لێکۆڵه‌ر ناوی په‌سوێی ئێستا - له شاره‌دێیه‌کانی پیرانشار – وه‌رگیراو له ‹پارسۆئا› ده‌زانن که له به‌شی رۆژاوای وڵاتی ماد‌دا بووه. ئه‌و ناوچه‌یه پاش دامه‌زرانی یه‌کگرتوویی ماد و پاشایه‌تی هه‌خامه‌نشی، ئه‌شکانی، و ساسانی به‌شێک بووه له وڵاتی ئه‌وان. به ده‌ست پێکردنی هێرشی عاره‌به موسڵمانه‌کان، خه‌ڵکی ناوچه‌ی پیرانشار به‌ره‌نگاریان کردوون و له‌ئارادا بوونی چه‌ند گۆڕستانی ئه‌سحابانی سه‌ره‌تاکانی ئیسلام له‌و ناوچه‌یه‌دا وه‌ک ‹چل شه‌هیدان› و ‹دایه شێخی› شاده‌ی ئه‌و وته‌یه. له‌وانه‌یه شارۆچکه‌ی ‹به‌سوی› که یاقوتی حه‌مه‌وی له سه‌ده‌ی 7ی مانگی‌دا له نزیک ‹خانی خاس‌به‌گ›دا ناوی بردووه هه‌ر ئه‌و ‹په‌سوێ›ی ئه‌وڕۆ بێت و له راپۆرته‌که‌ی‌دا ‹به‌سوی› به شارێکی چووکه ناساندووه که مووچه‌ی دیوانی 25 هه‌زار دیناری هه‌بووه و له‌وێ‌دا ده‌غڵ و دان و ترێ و هێندێک میوه به‌رهه‌م هاتووه و له‌سه‌ر رێگای شنۆ بۆ مه‌راغه و دۆڵی لکبن‌دا بووه. به رواڵه‌ت ‹خانی خاس‌به‌گ› که یاقوت ‹به‌سوی›ی له نزیک ئه‌ودا باس کردووه، هه‌ر ئه‌و ‹خانێ› یان پیرانشاری ئێستایه.
ژاك دومرگانی فه‌ڕانسه‌وی له سه‌فه‌ره‌كه‌یدا بۆ ئێران له ڕۆژی شه‌شی ئۆكتۆبری ١٨٩٠ی زایینی‌دا له ڕێگای سابڵا‌غ ڕا هاتۆته گوندی په‌سوێ و له‌وێشه‌وه له‌ڕێگای هێیه چۆته كێله‌شین و چاوی به به‌رده مێژوویه‌كه‌یی ئۆرارتۆیی كه‌وتووه. دوایه له ڕێگایی نه‌ڵۆس هاتۆته‌وه گوندی په‌سوێ. دوایه چۆته به‌ركه‌مران و بادیناوێ و باستامبه‌گ و گۆمان و له‌وێش‌ڕا چۆته شاری سه‌رده‌شت، ناوبراو له‌و ماویه‌دا ئه‌وه‌ی كه چاوی پێ‌كه‌وتووه و بیستوویه‌تی نوسیویه‌تی.
ئه‌و سه‌باره‌ت به دانیشتوانی ناوچه‌ی پیرانشار نوسیویه‌تی: ئه‌وانه خه‌ڵكانێكی جوانن، به‌ژنیان مامناوه‌ندی و شانیان پان و سینگیان له ژێڵا هاتوو، ئه‌وان به ته‌واوی ئه‌ندامێكی ڕێك‌وپێك و سه‌ری چووكه‌یان هه‌یه، ڕه‌نگی موویان ڕه‌ش و كه‌مێك لۆلۆیه و ناوچاوانیان پانه، که‌پۆیان كه‌وانیه و چاویان گه‌وره و ڕه‌شه و برۆیان پڕه، كوڵمه‌یان خڕ و وه‌ك خوێن سووره. دومرگان به تایبه‌ت تاریفی هۆش و جوانی ژنانی ناوچه‌كه ده‌كات به‌م شێوه‌یه: ژنان خاوه‌نی هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی پیاوه‌كانن، زۆربه‌یان زۆر جوانن و له باری بیر و هۆشه‌وه له ژنانی‌تری ئێران باشترن. هه‌ره‌ها دومرگان چه‌ند زانیاریه‌كی سه‌باره‌ت به هۆزه‌کان باس ده‌كات و ده‌ڵێت:
هۆزه‌کان له ده‌وری چۆمی كه‌ڵوێ به چه‌ند هۆزێك دابه‌ش بوون و هه‌ر یه‌كه كێڵگه و جێگای تایبه‌تیان هه‌یه.
هۆزی مامه‌ش له باكوور، له دۆڵی چۆمی لكبن و كه‌ڵوێ تاكوو چۆمی بادیناوێ نیشته‌جێن. هۆزی منگوڕیش له به‌شێك له دۆڵی هه‌ڵكه‌وتوو نێوان "بادیناوێ" و كێوه‌كانی وه‌زنێی مه‌نگوڕاندا ده‌ژین.
له سه‌رده‌می شه‌ڕه‌کانی ئێران و عوسمانی‌دا ئه‌و ناوچه‌یه له‌ناو کێشه‌که‌دا بووه و ده‌ست به ده‌ست گه‌ڕاوه. به هۆی گرینگی نیزامیی ناوچه له شه‌ڕه‌کانی رووس و عوسمانی‌دا، رووسه‌کان به به‌کارگرتنی بلژیکییه‌کان گومرگ‌خانه‌یێکیان له‌و ناوچه‌یه‌دا دامه‌زراند. هێزه‌کانی عوسمانیش سنوریان به‌زاند و هاتنه لاجان و گومرگ‌خانه‌که‌یان تێکڕووخاند. ئه‌و رووداوه له‌قسان له ساڵی 1300ی مانگی‌دا بووه و دواتر عوسمانییه‌کان چوونه‌ته ناو ناوچه‌کانی مه‌نگوڕ و مامه‌ش و موکری و سابلاغ. له ساڵی 1280ی هه‌تاوی‌دا به هۆی شه‌ڕ و هاڵۆزی له ناوچه‌ی کوردستانی عێراق‌دا هۆزی پیران له ناوچه کوردنشینه‌کانی عێراق‌ڕا هاتنه شوێنی ئێستای کۆنه‌خانێ و له‌به‌ر هه‌بوونی کانیاوی زۆر و زه‌وی به‌پێز و له‌وه‌ڕگه‌ی باش بۆ ئاژه‌ڵ‌داری، له‌وێ نیشته‌جێ بوون. له ساڵی 1333ی هه‌تاوی‌دا له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه بوو به به‌خش و به‌خشداری لێ‌دانرا. دوایه له ساڵی 1339ی هه‌تاوی‌دا به دامه‌زرانی شاره‌داری، گوندی زه‌رگه‌ته‌ن به فه‌ڕمی بوو به شار و چنینه‌ی خانووه‌کان بۆ لای باکوور و رۆژهه‌ڵات په‌ره‌ی‌ساند و ناوی ‹شاری سنوریی خانێ›ی له‌سه‌ر دانرا. له ساڵی 1348ی هه‌تاوی‌دا ناوی گۆڕا بۆ پیرانشار و بوو به شارستان.
پیرانشار و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری به هۆی نزیکی سنوری نێوان ئێران و عێراق، له ماوه‌ی شه‌ڕی ئێراق و ئێران‌دا خه‌ساره‌ت و زیانی زۆریان وێکه‌وت به تایبه‌ت شار چه‌ند جاران که‌وته به‌ر بۆمباران و تۆپ بارانی عیراق و ماوه‌یه‌کی زۆر چۆڵ بوو. به‌ڵام دوای وه‌ستانی شه‌ڕ و به تایبه‌ت تێکشکانی حکومه‌تی سه‌ددام، به هۆی بارودۆخی ئابووری و نزیکی سنور و هێنان و ناردنی که‌لوپه‌ل نیوان کوردستانی عێراق و ئێران، پیرانشار به خێراییه‌کی سه‌رسوڕمانه‌وه په‌ره‌ی‌ساند و رۆژبه‌رۆژ ژماری دانیشتووانی زیاتر بوو.
سه‌رچاوه‌کان:
تاریخ ماد، دیاکۆنۆف، چاپی هه‌شته‌م، 1386ی هه‌تاوی.
فرهنگ آبادی‌ها و مکان‌های مذهبی کشور، محه‌مه‌دحوسێن، مه‌شهه‌د، 1368ی هه‌تاوی.
نزهه‌القلوب، حه‌مدوڵڵا موستۆفی، 1331ی مانگی.
یاقوت، که‌ریم شه‌ریعه‌ت.
معجم البلدان، یاقوتی حه‌مه‌وی.
تاریخ انقلاب ایران بخش اختلافات ایران وعثمانی، مجله یغما، سه‌ید حه‌سه‌ن ته‌قی‌زاده.