بوومەلەرزە چیە و چۆن ڕوودەدات؟

نووسەر: لاجان
0
1 218

 

بوومەلەرزە چیە و چۆن ڕوودەدات؟
گۆی زەوی لە چەند چینێک پێکهاتووە کە لەڕووی پێکهاتە، چڕی، پلەی گەرمی، پەستان و ... لەیەکتر جیاوازن. هەتا بەرەو کرۆکی( (Core) زەوی بچین پلەی گەرمی و پەستان زیاتر بەرز دەبێتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە کرۆکی زەوی لە بەردی گڕگرتوو و ئاگرین پێکهاتووە، لەو چەند چینەی کە زەوی هەیەتی تەنها توێکڵی زەوی ( (Crust) بەکەڵکی ژیان دێت. بەهۆی بوونی ئەو گەرما زۆرە لە کرۆکی زەوی، تەووژمی زۆر بەهێز و زەبەلاح لەژێر زەوی دروست دەبێ کە ئێمە هەستی پێناکەین، کاتێک ئەو تەووژمە لەشێوەی سوڕانەوە دەخولێتەوە بەهۆی جیاوازی پلەی گەرمی، جۆڵەی پلێتەکانی توێکڵی زەوی دروست دەکات.
توێکڵی زەوی لەچەندین پلێت پێکهاتووە. بەدرێژایی مێژووی زەوی ئەم پلێتانە بەهۆی ئەو تەووژمەی ژێر زەوی لەجوڵەدا بوون. جوڵەکانیش سێ جۆرن؛ جوڵەی پێکداکێشان، جوڵەی لێکجودابوونەوە، جوڵەی بەتەنیشت یەکداچوون. نزیکەی ٦۰-٧۰ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا پلێتی عەرەبی لەگەڵ پلێتی ئێرانی توشی پێکداکێشان بوون کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە بەڕێژەی ۱-۳سانت لەساڵێکدا. لەم ڕووداوەدا پلێتی عەرەبی چووە ژێر پلێتی ئێرانەوە و زۆرترین شکان و لێکترازان و چەمانەوەی هەرێمی و گەورەی لەچینە بەردیەکان دروست کردووە کە ئەمڕۆ بوونیان سەلمێنراوە لەژێر زەوی بەهۆی ئامێرە جیۆفیزیکیەکانەوە.
ئەم شکانانە بۆشایی و درزی گەورەیان دروستکردووە کە لە ئەنجامی جووڵەی بەردەوامی پلێتەکان لەهەر ساتێکدابێت یان جێگیر دەبنەوە یان شکان و لێکترازانی نوێ دروست دەکات، کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا ووزەیەکی یەکجار زۆر و زەبەلاح دەردەپەڕێنێت. ئەم ووزەیە دەبێتە هۆی دروستکردنی جوڵە و نائارامی لەژێر زەوی ئەو ناوچەیەی شکانەکەی تێدا ڕوویداوە، کاتێک ئەم شەپۆلانە دەگاتە سەر زەوی بەشێوەی شەپۆلی لەرینەوە و ڕاتەکاندن و بەرزو نزمی دەردەپەڕێت و بوومەلەرزە دروست دەکات کە ئاساییە دەنگ و ڕوناکیشی لەگەڵ بێ بەهۆی زۆری ووزەکەی.
بەدرێژایی مێژووی زەوی بوومەلەرزەی زۆر بەهێز ڕوویانداوە و کاولکاری و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە. بەپێی تازەترین توێژینەوەی زانستییەکانی سەردەم، دەکرێ ساڵێک یان دووان لە هەر ۳۰-٤۰ساڵ جارێک دابنرێت بە ساڵی بوومەلەرزەکان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ خاوبوونەوەی سووڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆیدا. ئەم حاڵەتەش زیاتر بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەچەسپێت کە + یان - ۳۰پلە لە هێڵی یەکسانەوە دوورن دەکرێ کەمێک زیاتریش بێ.  هەڵبەت، ئەو حاڵەتە تەنها بۆ ئەو شوێنانەیە کە لەو مەودادان و نزیکن لەهێڵی بوومەلەرزە. بەپێ تازەترین توێژینەوە ساڵی ۲۰۱۸ دانرابوو بە ساڵی بوومەلەرزە بەهۆی خاوبونەوە جوڵەی زەوی، بەڵام مەرج نیە ساڵەکە بۆ سیستەم و سروشتی زەوی ڕێک ۳٦٥ ڕۆژبێ، چونکە ئەوە تەنها ژمارەیەکی ڕێژەییە دەکرێ زیادتر بێت یان کەمتر.

سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە