حه‌سه‌ن زیره‌ک
ناوی حه‌سه‌ن، ناوی بنه‌ماڵه‌یی زله‌بۆکانی و نازناوی زیره‌ک بوو و له رێکه‌وتی 8ی سه‌رماوه‌زی 1300ی هه‌تاوی له گه‌ڕه‌کی سه‌رقه‌ڵا له شاری بۆکان له‌دایک بوو. ناوی باوکی عه‌وڵا و ناوی دایکی ئامین بووه. له ته‌مه‌نی پێنج ساڵیدا ( (به وته‌یێکی‌تر له ته‌مه‌نی 11 ساڵێدا) باوکی مرد و دوایه‌ش دایکی مێردی کرده‌وه و ژیانی حه‌سه‌ن زیره‌ک و خوشک و براکانی که‌وته ناخۆشی و لێک جیا بوون. له زۆر شاری کوردستانی ئیران و عێراقدا ماوه‌ته‌وه و شاگرد قاوه‌چی و شاگرد مسگه‌ر بووه. له شاری کرماشان‌دا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی مۆسیقادا چالاکی کردووه و گۆرانی زۆر جوان و به نرخی خوڵقاندووه. هه‌روه‌ها له رادیۆ تاران و رادیۆ کرماشان و رادیۆ به‌غدا کاری کردووه و گۆرانی کوتووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یکه حه‌سه‌ن زیره‌ک سه‌وادی خوێندن و نووسینی نه‌بوو، به‌ڵام لێهاتووییه‌کی بێ‌وێنه‌ی له کوتنی شێعر و سازکردنی ئاهه‌نگ و گۆرانیبێژیدا نواند. هه‌ر ئه‌و به‌هره و تواناییه‌ی بوو به هۆکاری ناوبانگ ده‌رکردن و زۆر بوونی لایه‌نگران و خولیاوانی ئه‌و.
حه‌سه‌ن زیره‌ک له‌گه‌ڵ خاتوو میدیا زه‌ندی بێژه‌ری به‌شی کوردیی رادیۆ تاران زه‌ماوه‌ندی کرد و دوو کچیان بوو به ناوی مه‌هتاب ( (ئاره‌زوو) و مه‌هناز ( (ساکار)، که چه‌ند گۆرانی به‌وان هه‌ڵکوتووه.
حه‌سه‌ن زیره‌ک له ئێران و عێراقدا رووی خۆشی نه‌دیت و چه‌ند جاران له به‌ندیخانه‌کانی ئه‌م دیو و ئه‌و دیو گیرا. ساڵه‌کانی دوایی ته‌مه‌نی له شاری بۆکان‌دا ماوه و تووشی نه‌خۆشییه‌کی درێژخایه‌ن بوو تاکوو له رۆژی 4ی پووشپه‌ڕی 1351ی هه‌تاویدا له نه‌خۆشخانه‌ی بۆکان گیانی له‌ده‌ست‌دا و ته‌رمه‌که‌ی له داوێنی کێوی ناڵه‌شکێنه‌ی بۆکان به خاک ئه‌سپێردرا.